هەردوو یانەکەی مانچێستەر ململانێ لەسەر ئەڵماسەکەی لیل دەکەن
لیڤەرپوول و پاریس سانجێرمانیش لەسەر هێڵن
یاریگا –
مانچێستەر سیتی لە نزیکەوە چاودێری لێنی یۆرۆ، بەرگریکاری لیل دەکات.
یاریزانی 18 ساڵان یەکێکە لە باشترین یاریزانانی ئەم وەرزەی لیگ وەنی فەرەنسا و سەرنجی یانە گەورەکانی ئەوروپای راکێشاوە.
لیل ئامادەنییە بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری یۆرۆ ببێت و تاوەکو هاوینی داهاتوو پارێزگاری لێدەکات. مان سیتی یەکێکە لەو یانانەی لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دەستپێکردووە.
تۆڕی Le 10 Sportی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا لیل ئامادەنییە رێگە بە چوونە دەرەوەی یۆرۆ بدات، بەڵام بە گەیشتنی ئۆفەری گونجاو، بیر لە فرۆشتنی دەکرێتەوە.
بە گوێرەی تۆڕە فەرەنسییەکە بێت، مانچێستەر یونایتد تاکە رکابەری بەهێزی کەتیبەکەی پێپ گواردیۆلایە، بۆ گواستنەوەی یۆرۆ و بەهای ئێستای لە بازاڕەکاندا دەگاتە 78 ملیۆن پاوەند.
هەرچەندە هەردوو یانەکەی مانچێستەر لە دوو دیارترین گرنگیپێدەرانن بە ئەستێرە لاوەکەی لیل، بەڵام یانەکانی لیڤەرپوول و پاریس سانجێرمانیش بە هێمنی کار لەسەر رازیکردنی دەکەن.