دوای ئاکام هاشم؛ کاساس یاریزانێکی دیکەی کوردی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
یاریگا –
خیسۆس کاساس دوای ئاکام هاشم یاریزانێکی دیکەشی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و پێی راگەیاندووە، لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەری هەیە بانگهێشتی جامی ئاسیا بکرێت.
دوای ئەوەی ئاکام هاشم ناوەڕاستکاری هەولێر لەجیاتی ئەمجەد عەتوان ناوەڕاستکاری زاخۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا و لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن مەهدی کەریم سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی عێراقەوە پەیوەندیی پێوەکرا و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەرەو ئیمارات کەوتە رێ، یاریزانێکی دیکەی کوردیش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
خیخۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بە هەریەکە لە پەشەنگ عەبدوڵڵا هێرشبەری کوردی یانەی دێگیفۆرسی سویدی و حەسەن عەبدولکەریم (قوقیە) یاریزانی زەوڕا و سەفا هادی یاریزانی تراکتۆرسازی ئێرانی راگەیاندووە، لە حاڵەتی ئامادەباشی دابن، لە هەر ساتێک ئەگەر یاریزانێک نەیتوانی بەشداریی جامی ئاسیا بکات، ئەو سێ یاریزانە بەربژێرن بۆ ئەوەی بانگهێشتی جامی ئاسیا بکرێن.
کاساس هێرشبەرە کوردەکەی ئاگادار کردووەتەوە، لە نێوان عەلی حەمادی و ئەیمەن حوسێن و موهەننەد عەلی هەریەکێکیان نەتوانن بگەنە جامی ئاسیا، ئەوا ئەو بانگهێشت دەکرێت، کە رۆژی 12ـی ئەم مانگە جامی ئاسیا لە دەوحە دەستپێدەکات، پێشتریش راهێنەرە ئیسپانییەکە چەند جارێک سەردانی سویدی کردووە و لە نزیکەوە سەیری یاریی پەشەنگی کردووە و جارێکیش بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کردووە.
پەشەنگ عەبدوڵڵا خەڵکی کۆیەیە و ساڵی 1994 لەدایکبووە و ساڵی رابردوو لە دالکورد یاریی دەکرد و یارییەکی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ تەواوی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەگەنە شاری ئەبوزەبی، لەوێ بەشداریی کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکەن و یارییەکی دۆستانە دەکەن و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا.