کوردستان

چین هاوكاریی تێنسی سەرمێزی عێراق دەكا

جێگرى سەرۆكی یەكەتیی ناوەندیی تێنسی سەرمێزی عێراق رای گەیاند، بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ باڵوێزگەى چین لە بەغدا، لە داهاتوودا چینیەكان پاڵپشتی تیپەكانى عێراق دەكەن. 

هەردە رەئووف بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند “دواى ئەوەى لەگەڵ باڵوێزگەى چین لە شارى بەغدا كۆبووینەوە، توانیمان رەزامەندیی یەكەتیی تێنسی سەرمێزی چین وەرگرین كە لە داهاتوودا هاوكاریمان بكەن لە پێشكەوتنی یارییەكەمان لە سەرجەم شارەكانى عێراق”.

رەئووف گوتی “لە هەنگاوی یەكەمی كارەكانمان دوێنێ هەینی شاندی هەڵبژاردەی تێنسی سەرمێزی عێراق گەیشتە پەكینی پایەتەختی چین كە لە 13 یاریكەر پێكهاتوون و ماوەى 15 رۆژ دەچنە كەمپێكی راهێنانەوە لەو وڵاتە، لە هەمانكاتدا سەرۆكی یەكەتیەكەمان كە هاوتاى شاندەكەیە لەگەڵ بەرپرسانی یەكەتیی تێنسی سەرمێزى ئەوێ پرۆتۆكۆل ئیمزا دەكا بۆ ئەوەى پسپۆڕانی ئەوان بێن خولی راهێنەرایەتی و زانیاریمان بۆ بكەنەوە” .

جێگرى سەرۆكی تێنسی سەرمێزی عێراق ئاماژەى بەوەش كرد كە چین وڵاتێكی ئاست بەرزە لە یاری تێنس، هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە دەتوانن لە داهاتوو بۆند لەگەڵ گەورە راهێنەرانی ئەو وڵاتەدا ئیمزا بكەن بۆ ئەوەى ئەركی راهێنەرانی تیپەكانیان وەرگرن.

ئێستە چین پێشكەوتێنێكی زۆرى لە بواریی یارییە وەرزشییەكان بەخۆیەوە بینیووە بەتایبەت لە یارییەكانى ئۆلۆمپیاد كە ئێستەیارییەكانى لە شارى لەندەن بەڕێوە دەچێ و چین لە پلەی دووەم لە كۆكردنەوەى میدالیاكان دا لە دواى ئەمەریكا دێ.

لە: محەمەد كارێزی. نووس: فوئاد رەحیم

ئاکانیوز

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close