یاریگا –
شەوی رابردوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ 54-مین گۆڵی خۆی لە ساڵی 2023 بەرامبەر تەعاون لە خولی رۆشنی سعودی کرد.
سوپەرستاری پۆرتوگالی، ساڵێکی پڕ گۆڵی بۆ یانە و هەڵبژاردەکەی بەڕێکرد و توانی بەسەر ئەستێرەکانی وەک ئێرلینگ هالاند، کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین سەربکەوێت و لە ماوەی یەک ساڵدا 54 گۆڵی کرد.
ئێمباپێ و کەین 52 گۆڵیان بۆ یانە و هەڵبژاردەکەیان کردووە، کەچی هالاند 50 گۆڵی بۆ مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی نەرویج کرد.
رۆناڵدۆ بە 20 گۆڵ پێشەنگایەتی گۆڵکارانی خولی رۆشن دەکات و بە هاوکاری گۆڵەکانی کریس، نەسڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەدایە بە جیاوازی حەوت خاڵ لەگەڵ یانەی هیلال.
View this post on Instagram
لەلایەکی دیکەوە، لیۆنێل مێسی، رکابەری هەمیشەیی رۆناڵدۆ لە ساڵی 2023 تەنیا 28 گۆڵی لە 44 یاریدا کردووە. لەو ژمارەیەدا 11 گۆڵی لەگەڵ ئینتەر مەیامی لە خولی ئەمریکیدا کرد.
رۆناڵدۆ لە دوای بوونی بە گۆڵکاری ساڵ، پشووێکی درێژ دەدات و تاوەکو دوای تەواوبوونی یارییەکانی جامی ئاسیای 2023 لە قەتەڕ، یارییەکانی خولی رۆشن دەوەستن.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی فێبرایەر/شوباتی داهاتوو، نەسڕ و ئینتەر مەیامی لە جامی ریاز رووبەڕووی یەکترببنەوە.