یاریزانێکی کورد بۆ جامی ئاسیا بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کراوە
ئەستێرەکەی یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا نەکراوە
یاریگا –
هێکتۆر کوپەر، راهێنەری هەڵبژاردەی چەند هێرشبەرێکی سەرەکی لە لیستی یاریزانانی جامی ئاسیای 2023 دوورخستەوە و یاریزانێکی کوردیشی بانگهێشت کردووە.
کوپەر لیستێکی 26 یاریزانی بۆ جامی ئاسیا ئاشکرا کرد، کە بڕیارە لە 13 یەنایەر/کانوونی دووەم 2024 لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێوەبچێت، محەمەد عوسمان تاکە یاریزانی کوردە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە لە ریزی یانەی لامفون واریەرزی تایلەندی یاریی دەکات، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی هێراکلێس ئالمێلۆ و ڤیتسیێ ئارنهایمی هۆڵەندی کردووە و بەشداریی دوایین وەشانی جامی ئاسیای کردووە، ئەو کوڕە کوردە ساڵی 1994 لە شاری قامشلۆ لەدایکبووە.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە هەریەکە لە عومەر سۆمە، هێرشبەری عەرەبی قەتەڕی، مەحمود مواس، هێرشبەری شوڕتەی عێراقی و یاسین سامیە، هێرشبەری هەولێر لە لیستەکە دوورخستووەتەوە.
کوپەر لەبارەی دوورخستنەوەی سێ ئەستێرەکە روونیکردەوە :’تەواوی یاریزانان یەکسانن و هیچ کامیان ناتوانن ببنە فاکتەرێکی نائاسایی، بۆیە دوورخستنەوەی هەر یاریزانێک پەیوەستە بە ئاستی هونەری، تاوەکو پێکهاتەیەکی گونجاو لەڕووی بەرگری و هێرشبردنەوە ئامادە بکەین. لە ماوەی رابردوودا تەواوی سەرنجمان لەسەر ئاوێتەبوونی یاریزانانی پیشەگەر و ناوخۆیی دانابوو’.
هەڵبژاردەی سووریا یەکەم یاری پاڵەوانیەتی جامی ئاسیا لە 13ی مانگی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوزباکستان دەکات، دواتر رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی ئوسترالیا و هیندستان دەکات.
لیستی یاریزانان
گۆڵپارێزان: ئیبراهیم عالمە، ئەحمەد مەدەنیە، تەها موسا، مەکسیم سەڕاف
بەرگریکاران: خالید کردەغلی، موئەیەد عەجان، عەبدولڕەحمان وەیس، عەمرو جنەیات، عومەر مەیدانی، سائیر کروما
ناوەڕاستکاران: موئەیەد خولی، ئەیهەم ئۆسۆ، ئیلمار ئیبراهیم، کامیل حمێشە، خەلیل ئیلیاس، محەمەد عوسمان، ئیزاکێل عەم، فەهد یوسف، ئیبراهیم هیسار، عەمار رەمەزان، مەحمود ئەسوەد، محەمەد حەلاق
هێرشبەران: ئانتۆنیۆ یەعقوب، ماردیک مردکیان، عومەر خەربین، پابلۆ سەباغ