ریال مەدرید وەکو جاران تامەزرۆ نییە؛ پاریس سانجێرمان لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ دڵنیایە

یاریگا –
زنجیرە بەناوبانگ و درێژخایەنەکە دەستیپێکردەوە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ دڵنیان.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممە (30ـی دیسەمبەری 2023) لەسەر رووپەڕووی رۆژنامەکەی وێنەیەکی ئێمباپێی داناوە و نووسیویەتی ‘پاریسییەکان گەشبینن’، وەکو هێمایەک بۆ مانەوەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە پاریس سانجێرمان.
رۆژنامە فەرەنسییەکە رایگەیاندووە :’لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو ئێمباپێ دەبێتە یاریزانێکی ئازاد و دەتوانێت لەگەڵ هەر یانەیەک بیەوێت دەست بە گفتوگۆ بکات’.
La une de L'Équipe du samedi 30 décembre. pic.twitter.com/sF4xwfhqwJ
— L'ÉQUIPE (@lequipe) December 29, 2023
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لیکیپ، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان بەمدواییانە متمانەی تەواویان بۆ دروستبووە، دەتوانن هەمان سیناریۆی ساڵی 2022 دووبارە بکەنەوە و کیلیان ئێمباپێ لە یانەکەیان بهێڵنەوە، کە بەندێک لە گرێبەستەکەی ئێمباپێ هەیە دەتوانن هەردوولا بە رێککەوتن گرێبەستەکەی نێوانیان بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکەنەوە، کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کیلیان لە پاریس کۆتایی دێت.
رۆژنامە فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید ئێستا وەکو جاران شاگەشکە نین بۆ ئەوەی ئێمباپێ بگوازنەوە یانەکەیان وەکو جاران ئامادەی هەموو جۆرە ئۆفەرێک نین، بۆیە بەرپرسانی سانجێرمان پێیانوایە دەتوانن پارێزگاری لە ئێمباپێ بکەن.
لە ماوەی دوو ساڵ رابردوو بەردەوام لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەنگۆی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید لە ئارادابوو، هاوینی رابردوو هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە فاکسێک بە فەرمی یانەکەی ئاگادار کردەوە هیچ نیازێکی نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە.
هاوینی 2024 ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و دەتوانێت بێبەرامبەر رووبکاتە هەر یانەیەک، لە رۆژی دووشەممەوە کیلیان دەتوانێت لەگەڵ هەر یانەیەک بیەوێت دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.