یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی نەسڕ، چووە پێشەنگی گۆڵکارانی ساڵی 2023.
دوێنێ سێشەممە لە یارییەکانی گەڕی 17ـی خولی رۆشنی سعودیە، یانەی ئیتیحاد لە یاریگای شاری وەرزشی شا عەبدوڵا، میوانداری یانەی نەسڕی رکابەری کرد.
نەسڕ بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە ئاستێکی بەرز بەدیارکەوت، توانی یارییەکە بە ئەنجامی 5-2 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت، ئەفسانە پۆرتوگالییەکەش دوو گۆڵی بۆ تیپەکەی کرد.
کریستیانۆ بە کردنی دوو گۆڵی نوێ ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 53 گۆڵ لە ساڵی 2023، پێش هەریەکە لە هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ کەوت کە هەریەکەیان خاوەنی 52 گۆڵن.
جیا لەو سێ یاریزانە، ئێرلینگ هالاندی نەرویجیش رکابەری دەکات بۆ بوون بە گۆڵکاری ساڵەکە، هالاند خاوەنی 50 گۆڵە، ئەمشەو تیپەکەی رووبەڕووی ئێڤەرتن دەبێتەوە، شەممەی داهاتووش لە کۆتا یاری ئەمساڵیان رووبەڕووی شێفڵد یونایتد دەبنەوە.
هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ هیچ یارییەکی دیکەیان نەماوە لەمساڵدا، رۆناڵدۆش یەک یاری ماوە، کە شەممەی داهاتوو رووبەڕووی یانەی تەعاون دەبنەوە.
ئێستا دەرفەتی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە لە هالاند زیاترە بۆ بوون بە گۆڵکاری ساڵ، بەو پێیەی جیاوازی نێوانیان 3 گۆڵە، ئەستێرە نەرویجییەکەش تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە دەتوانێت بەرامبەر ئێڤەرتن یاری بکات یاخود نا.
سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی دۆن، لەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، لە کۆی ئەنجامدانی 24 یاری 23 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە و 11 گۆڵیشی درووستکردووە.