یاریگا –
رافایێل ڤاران، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پەشیمانە لە جێهێشتنی یانەکە و دەیەوێت جارێکیتر بە درێسی ریال مەدرید یاریی بکاتەوە.
ڤاران لە گواستنەوەی هاوینەی ساڵی 2021 دوای 10 ساڵ یاریی کردن لە سانتیاگپ بێرنابیۆ بڕیاریدا یانە مەدریدییەکە جێبهێڵێت و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد.
لە دوو وەرزی سەرەتایی لە ئۆڵدترافۆرد، توانی ئاستێکی باش و قبوڵکراو لە یاریگادا پێشکەش بکات و لەلایەن زۆرێک لە هاندەرانی ئەم تیپە و هەروەها شارەزاکانی تۆپی پێ و میدیاکانەوە ستاییش کرا، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیاواز بوو.
بەهۆی تووشبوونی پێکان و دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە یاریگا، بووە هۆی ئەوەی هاری ماگوایەر جێگەی ئەو لە تیپەکەیدا بگرێتەوە، ئەم یاریزانەش جگە لە دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگ لە یونایتد هیچ بژاردەیەکی تری نەبوو. ئەم دۆخەش کە بە دڵی ئەو نەبوو ئیتر دەنگۆی جێهێشتنی شەیتانە سوورەکان لە دەوری ناوی ئەم یاریزانە فەڕەنسییە زیاتر بیسترا.
لەلایەکی ترەوە یانەی ریال مەدرید، بەهۆی پێکانە زۆرەکانی یاریزانەکانی لە هێڵی بەرگریدا، بیر لە کڕینی بەرگریکارێکی ناوەندی دەکاتەوە لە گواستنەوەی زستانەی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا. رۆژنامەی ئاسیش بڵاویکردەوە کە ڤاران بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
هەروەها رۆژنامەکە باسی لەوەش کرد کە ریال بەهەمان شێوە بەدواداچوون بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ڤاران دەکات و خواستی ئەم بەرگریکارە فەرەنسییەش بۆ گەڕانەوەی بێ گومان یارمەتی بەڕێوبەرانی یانە شاهانەکە دەدات بۆ خێراکردنی ئەم پرۆسەیە و دانوستاندن لەگەڵ مانچێتەر یونایتد.