ئیسپانیا

فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای سەرکەوتنی سوپەرلیگ: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە

Yariga App

یاریگا –

فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای ئەوەی دادگای دادی ئەوروپا یاسایی بوونی پڕۆژەی سوپەرلیگی سەلماند، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی لە هاندەران و یانەکان کرد و ئەمڕۆی بە رۆژێکی ‘مێژوویی’ وەسف کرد.

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و سەرۆکی پێشنیازکراوی سوپەرلیگ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی سوپەرلیگ دەڵێت :’ریال مەدرید پێشوازی لە بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا دەکات، ئەو بڕیارەی لە بنەما، بەها و ئازادییەکانمان بەرپرسیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە وردی دیراسەتی بڕیارەکە دەکەین، بەڵام پێموایە دەرەنجامەکان، گرنگییەکی مێژوویی گەورەیان هەیە، سەرەتا چیدیکە تۆپی پێی ئەوروپا قۆرخ ناکرێتەوە، دووەم شت، لە ئێستاوە یانەکان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن، ئێستا یانەکان دڵنیابوونەوە، مافی پێشنیازکردن و رێکلام کردنمان، بۆ خولەکانی ئەوروپا هەیە کە وەرزش بەرەوپێش دەبات، جیا لەمەش ژمارەی هاندەران زیاد دەکات’.

‘ریال مەدرید پێشوازی لە بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا دەکات’

هەروەها پیاوە ئیسپانییەکە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت :’بەکورتی، جارێکی دکە ئەوروپای ئازادییەکان سەرکەوت، هەروەها تۆپی پێی و هاندەرانیش سەرکەوتن زیاتر لە دوو ساڵە فشارێکی زۆرمان لێدەکرا، ئەمڕۆ یاسا، عەقڵ و ئازادی قسەی خۆیان کرد، بۆ ئەم هۆکارەش، ریال مەدرید لە کارکردن بۆ تۆپی پێ بەردەوام دەبێت، هاوشێوەی 70 ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک هەنگاوێکی گەورەی مێژووییمان نا، بنەمای جامێکی نوێی ئەوروپامان نا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە تەواوی ئەرک و بەرپرسیارەتیمان لەسەرە، تاوەکو جارێکی دیکە بەها و پێویستییەکانی پێشکەش بکەین’.

پێرێز لەبارەی پەیوەندیی نێوان سوپەرلیگ و خولە ناوخۆییەکانیش دەڵێت :’لە پارێزگاریکردن لە پڕۆژەی پێشکەوتوو بەردەوام دەبین کە تەواو لەگەڵ خولەکانی ناوخۆیی گونجاوە لەسەر بنەمای شایستەیی پاڵەوانیەتییەکە بۆ هەمووان دەبێت، بە شێوەیەکی کاریگەر رێز لە یاری دادپەروەرانەی دارایی دەسەپێنێت، پڕۆژەیەکە سەقامگیری ئابووری بۆ تەواوی یانەکان فەراهەم دەکات لە سەرووی هەموویەوە، یاریزانان دەپارێزێت، هاندەرانیش لە تەواوی جیهان دڵخۆش دەکات’.

سەرەڕای هەڵمەتەکانی دژمان، بێگومان پڕۆژەکەمان بەردەوام دەبێت، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتەکەمان فراوان دەکەین، بەڵام کەس نەیگووت، کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری دوای ئەم هەموو ساڵە، ئاسان بوو.

فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆتایی قسەکانی دەڵێت :’سەرەڕای هەڵمەتەکانی دژمان، بێگومان پڕۆژەکەمان بەردەوام دەبێت، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتەکەمان فراوان دەکەین، بەڵام کەس نەیگووت، کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری دوای ئەم هەموو ساڵە، ئاسان بوو، دەرفەتێکی گەورەمان لەپێشە تاوەکو گەشە بە تۆپی پێی ئەوروپا بکەین، تۆپی پێی لە ترۆپکی سەدەی 21 دایە، بە کارگێڕییەکی شەفاف و زانینی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنۆلۆجیای نوێ، جارێکی دیکە کاریگەری هەست و سۆزی هاندەران بهێنینەوە نێو یارییەکە، با پێتان بڵێم، یانەکانی ئەوروپا رووبەڕووی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێن دەتوانین لەم سەردەمەدا بە ئازادی و گفتوگۆی بونیادنەر کار بکەین’.

دوو ساڵ لەمەوبەر پڕۆژەی سوپەرلیگ بە بەشداریی 12 یانە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز راگەیاندرا، دواتر سەرجەم یانەکانی دیکە کشانەوە تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەناو پڕۆژەکە مانەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button