یاریگا –
ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەدات، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی سوپەرلیگ چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 09:30 بە کاتی ئەوروپا (11:30 بە کاتی هەرێمی کوردستان)، دادگای یەکسانی لە ئەوروپا بڕیار لەبارەی کەیس و سکاڵایەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و سوپەرلیگ دەدات لەدژی یەکتری، کە یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بە خاوەن و پشتیوانی پڕۆژەی سوپەرلیگ دادەنرێن.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت دادگا بڕیارێک بدات لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت، دادگا بڕیار بدات نابێت قۆرخکاریی لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی پاڵەوانێتییەکان هەبێت، لە هەمان کاتیشدا دادگا بڕیاریش بدات بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی پاڵەوانێتییەکان تایبەتمەندیی یوێفایە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا بە خاوەن و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سوپەرلیگ دادەنرێن، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئەمڕۆ دادگا بڕیارێک لە بەرژوەنەید سوپەرلیگ بدات هەردوو یانە ئیسپانییەکە هەریەکێکیان ملیارێک دۆلار وەربگرێت.