یاریگا
پێدەچێت بڕیاری کۆتایی دادگای ئەوروپا لە بەرژەوەندی رێکخەرانی پرۆژەی سوپەرلیگ بێت و ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ بەرپرسانی هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە هەواڵێکی بەپەلەدا ڕایگەیاند، بڕیاری کۆتایی دادگای ئەوروپا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕادەگەیەنرێت، لە بەرژەوەندی رێکخەرانی سوپەرلیگ دەبێت و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا مافی ئەوەی نییە رێگری لە ئەنجامدانی هەر کێبڕکێیەکی دیکە لە ئەوروپا بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەمڕۆوە دەتوانرێت بە شێوەیەکی یاسایی سوپەرلیگ کارەکانی خۆی بکات.
بەرپرسانی یوێفا ئاگادارن کە پرۆژەی سوپەرلیگ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، هەر بۆیە ناسر خلێفی و بەرپرسانی یوێفا بەنیازن ڕێکەوتنێکی هەڕەشە ئامێز لەگەڵ یانەکانی تر واژۆ بکەن، ئەگەر سوپەرلیگیش پێک بێت ئەوا دەبێت پابەند دەبن بە یوێفا و نابێت پەیوەندی بە سوپەرلیگ بکەن.
موندۆ دیپۆرتیڤۆ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە ئەگەری بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا بڵاویکردەوە، ئەگەر دادگای ئەوروپا لە بەرژەوەندی سوپەرلیگ بڕیار بدات، ئەوا پێویستە هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا بڕی یەک ملیار یۆرۆ وەک قەرەبوو وەربگرنەوە ، ژمارەیەک کە دەتوانێت بۆ هەمیشە کۆتایی بە کێشە داراییەکانی هەردوو یانە بەتایبەت بلاوگرانا بێنێت.