کوردستان

قوتابخانەیەكی تۆپی پێی بەرازیلی لە هەولێر دەكرێتەوە

(ئاكانیوز)- بزنسمانێكی ئەمەریكایی ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد كە لەگەڵ 2 هاوكاری تریدا لە كۆتای مانگی داهاتوو بەڕەسمی قوتابخانەی تۆپی پێی بەرازیلی بۆ پێگەیاندنی یاریكەران لە هەولێر دەكەنەوە.

واڵت دیڤوێڵت كە هاووڵاتییەكی ئەمەریكاییە و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە و كاری بازرگانی دەكا، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گوت، دوای ماوەیەك گفتوگۆ و وردبوونەوە، بڕیارمان دا قوتابخانەی تۆپی پێی بەرازیلی بۆ پێگەیاندنی یاریكەران لە هەولێر بكەینەوە، كە كۆتای مانگی داهاتوو بەڕەسمی دەكرێتەوە و پێشوازی لە منداڵانی كورد دەكا.

زیاتر گوتی، كارەكە پرۆژەیەكی بازرگانییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە تەنیا ئامانجی بازرگانیمان نییە و دەمانەوێ یارمەتیی كوردستان بدەین و منداڵی كورد لەسەر بنەمایەكی زانستی و ئەكادیمی فێری یاریی تۆپی پێ بكەین و هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێنین لە داهاتوودا بەناوبانگ بێ و بتوانێ بەپارەیەكی باش لە ناوەوە یان دەرەوە یاریی بكا.

دیڤوێڵت لەگەڵ دوو هاوكاری تری كار دەكا كە یەكێكیان بەرازیلییە بەناوی كڵاودیۆ مۆیسیس و ئەویتریش ئافرەتێكە بە ناوی دی مۆرگان جۆنز كە بریتانییە و كاری ماركێتینك و برەوپێدانی بازرگانی ئەو پرۆژەیە دەكا و بەڕێوەبەری ماركێتینگی پرۆژەكەیە.

كلاودیۆ كە سەرپەرشتیاری كارەكان و خاوەن بیرۆكەی قوتابخانەكەیە بۆ (ئاكانیوز) گوتی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 هاتمە بەغدا و منداڵانی ئەوێم بینی بەتایبەتی لە شاری سەدر كە بەهرەمەندی زۆرباش و زیرەكی لە یاریی تۆپی پێدا تێدا بوو، لەوكاتەوە ئەو بیرۆكەیەم هەبوو كە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی منداڵان بكەمەوە و وەئێستە لە كوردستان ئەوەمان بۆ رەخساوە.

زیاتر گوتی، پێشتر لە بەرازیل كارم لە پرۆژەی لەو جۆرە كردووە و ماوەیەكیش لە میسر ژیاوم، ئاماژەی دا لەگەڵ دیڤوێڵت بەیەك گەیشتن و ئەو بیرۆكەیەم بۆ خستەڕوو و ئەویش زۆر پێی باش بوو و بڕیارمان دا كاری لەسەر بكەین.

دیڤوێڵتی بزنسمانی ئەمەریكایی ئاشكرای كرد كە بڕەپارەیەكی كەم لە منداڵان وەردەگرن بۆ فێركردنی یاریی تۆپی پێ و پێگەیاندنیان.
ئاماژەی بەوەش دا كە لە هەرێمی كوردستان حكوومەتی كوردستان هاوكاری و ئاسانكاری بۆ بازرگانن و خاوەن پرۆژەكان دەكا.

كلاودیۆی بەرازیلی ئاشكرای كرد كە حكوومەتی عێراق ئاسانكاری بۆ كاری لەو جۆرە ناكا، بەڵام لە حكوومەتی كوردستاندا زۆر هاوكارییان كردین و یارمەتییان داین دەست بە پرۆژەكە بكەین و هەر بۆیە پڕۆژەكەمان لێرە دەست پێ كرد.

بە گوتەی بزنسمانە ئەمەریكاییەكە قوتابخانەكە لە كۆتای مانگی داهاتوو لە ناوەندی وەرزش و لاوانی عەنكاوە دێتە كردنەوە.

خاوەنی ئەو پرۆژە وەرزشییە-بازرگانییە ئامادەنەبوو وردەكاری زیاتر ئەو كارەی ئاشكرا بكا، بەڵام گوتی، “دڵنیام ئەو كارە سەركەوتوو دەبێ و گەشبینم”.

جێی باسە رۆژی 25ی مانگی تەمووز/یۆلیۆی رابردوو سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی ئیمزا كرد بەمەبەستی كردنەوەی ئەكادیمیای تۆپی پێی ئینتەر میلان لە هەولێر.

هەروەها لە شوبات/فێبرایەری رابردوو نوێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هاتە هەولێر و لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری و لاوانی كوردستان رێككەوتنێكی ئیمزا كرد بۆ كردنەوەی قوتابخانەی ریال مەدرید لە كوردستان، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كارا بۆ ئەو پرۆژەیەی ریال مەدرید نەهاوێشتراوە.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close