ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئێندریک باسی یاریکردن لەگەڵ ئێمباپێ لە ریال مەدرید دەکات

ئەستێرە بەرازیلییەکە پەردە لەسەر کۆمەڵێک نهێنی هەڵدەداتەوە

Yariga App

یاریگا –

ساڵێک بەسەر بەدیهاتنی خەونە گەورەکەی ئێندریک و پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید تێدەپەڕێت.

ئەستێرە بەرازیلییەکە لە 15ی دیسێمبەری ساڵی 2022 گرێبەستێکی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد. ئێستا تەمەنی 17 ساڵە و لە مەدریدە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێتە ماڵی سەرەکی و لە هاوینی داهاتوودا، کاتێک دەبێتە 18 ساڵ. بە فەرمی دەبێتە ئەندامێکی نوێی لۆس بلانکۆس.

ئێندریک، ریال مەدرید بە یانەیەکی مێژوویی وەسف دەکات و شانازی بە یاریکردن بۆ یانە مەدریدییەکە دەکات. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاتلێتیک پەردە لەسەر چەندین نهێنی هەڵدەدات.

ریال مەدرید بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پالمێراس گەیشتە رێککەوتن، بەڵام رێگەی ئێندریک گوڵڕێژ نەکراوە و دەبێ بۆ شوێنێکی سەرەکی بجەنگێت. ئێندریک لەبارەی پالمێراسەوە دەڵێت

دەمەوێت باسی رافایێل ڤێیگا (یەکێک لە هاوتیمەکانی) و ئابێل فێرێیرا (راهێنەر) بکەم. زۆر پاڵپشتیان کردووم و بەردەوام هانیان دەدام. من راهێنەری تایبەتیم هەیە، شارەزای سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنم هەیە. هەمووان یارمەتیاندام تاوەکو ببمە یاریزانێکی باشتر، بۆیە سوپاسی هەمووان دەکەم.

ئێندریک
ئێندریک لەگەڵ خێزانەکەی لە کۆمپانیای نیو باڵانس

پڕۆسەی گواستنەوەی ئێندریک بە هۆی دواکەوتنی رەزامەندی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دواکەوت. لەو ماوەیەدا چێڵسی هەوڵی زۆری بۆ بەدەستهێنانی واژۆی ئێندریک دا.

دۆگلاس رامۆس، باوکی ئێندریک لە دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیان روونیکردەوە، بەهۆی دواکەوتنی گرێبەستەکە، گومانمان لە ریال مەدرید بۆ دروستبوو. باوکی ئێندریک لەمبارەیەوە گوتی

ماوەیەک بوو زۆر باسی گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند و کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکرا، لەو ماوەیەدا بوو یانەکانی چێڵسی و پاریس سانجێرمان گرنگی خۆیان بۆ ئێندریکی کوڕم پیشاندا. بەڵام پڕۆسەکە زوو تەواو بوو.

ئێندریک
ئێندریک لە ساتی بەرزکردنەوەی جامی خولی بەرازیلی لەگەڵ پالمێراس

بەڵام ئێندریک خۆی لەبارەی چێڵسی و لەندەنەوە دەڵێت

بەدڵنیاییەوە چێڵسی و پاریس دوو یانەی زۆر گەورەن و دڵخۆش بووم، بە گرنگیپێدانی یانەیەکی پرێمەرلیگ و لەندەن یەکێکە لە باشترین شارەکانی ئابووری جیهان و هەموو جیهان بە ئینگلیزی قسە دەکات. چێڵسی یەکێکە لە باشترین یانەکان و دووجار چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە. بەڵام پێم گوترا بارانێکی زۆر لە لەندەن دەبارێت، هەرچەندە ئەوە نابێتە کێشە، چونکە باوکم بەردەوام پێی دەگوتم، یاریکردن لە کاتی باراندا خۆشترە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر بە بەڕێوەبەری کارەکانم گوت، خەونی من یاریکردنە بۆ ریال مەدرید.

ئێندریک
ئێندریک لە یاری نێوان ریال مەدرید و ڤیاڕیال. سانتیاگۆ بێرنابیۆ

بەرلەوەی گەشتی مەدرید بکات، ئێندریک تەنیا یەکجار قسەی لەگەڵ پێرێز کردبوو، ئەویش لە دوای بردنەوەی پارلمێراس بوو بەرامبەر بۆتافۆگۆ. پێرێز و ئێندریک بە ڤیدیۆ کۆنفرانس قسەیان کرد

دەمێکبوو پلانی سەردانیکردنی ڤالدێبێباسم دانابوو، تاوەکو یاریزانەکان لە نزیکەوە ببینم. ئامادەبوون لە یاری نێوان ریال مەدرید و ڤیاڕیال لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەستێکی زۆر خۆشی پێدام و لەگەڵ پێرێزیش قسەم کرد.

ئێندریک لەبارەی یاریکردن لەگەڵ ئێمباپێ، کە چەندین ساڵە یانە ئیسپانییەکە هەوڵی بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرەکەی پاریس سانجێرمان دەدات، ئێندریک دەڵێت

هەرکاتێک یاریزانی ئاست بەرز لە یانەکەت یاری بکەن، ئەوا یارمەتی تیمەکە دەدات باشتر بێت و بەردەوام گەشە بکات. هەر شتێک لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بێت، با بکرێت. تەنیا دەمەوێت کاتێک تۆپی پێ دەکەم، دڵخۆش بم. بەدڵنیاییەوە ئەگەر بتوانم یاری لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و کیلیان (ئێمباپێ) بکەم، ئەوا شتێکی زۆر باشە. بەڵام فلۆرێنتینۆ و کەسانی دەوروبەری، دەزانن چی لە بەرژەوەندی یانەکەدایە.

پێدەچێت ئێندریک زۆر لە ریال مەدرید دڵخۆش بێت، هەرزوو گرێبەستێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیای نیو باڵانس، بۆ کەلوپەلی وەرزشی واژۆ کردووە و لە نزیکەوەش کار لەگەڵ نایکی دەکات.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا، ئێندریک هیوای خواست پێنج چامپیۆنزلیگ و 10 لالیگا لەگەڵ ریال مەدرید بباتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button