کوردستان

هندرێن بەرنامەی ئامادەكاریی بۆ وەرزی نوێ ئاشكرا كرد

(ئاكانیوز)- راهێنەری تۆپی پێی یانەی هندرێن رای گەیاند بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتوو بەشێوەیەكی چڕ دەستیان بەمەشقەكانیان كردووە و لە داهاتووشدا كەمپێكی مەشقی لە دەرەوەی هەولێر ئەنجام دەدەن.

عەبدولسەمەد جەوهەر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی گوت، ماوەیەكی زۆرە دەستمان بەمەشق و ئامادەكارییەكان كردووە، بەڵام بەم دواییە مەشقەكانمان چڕتر كرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی بەهێز خۆمان بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان ئامادە بكەین.

زیاتر گوتی، سەرجەم یاریكەرانی وەرزی رابردوومان لە یانەكەدا ماون، هەروەها 2 یاریكەری نوێمان هێناوە لەگەڵ چەند یاریكەرێكی تیپی لاوانی یانەكە، ئاماژەی دا هەوڵ دەدەین 2 تا 3 یاریكەری تریش بهێنینە ریزی یانەكەمانەوە.

جەوهەر گوتی، مەشقەكانمان بەشێوەی پەیژەیی بووە تا دەگەینە لوتكەی ئامادەكاری و هەست دەكەین یاریكەرەكان رۆژ دوای رۆژ ئاست و توانای جەستەییان باشتر دەبن، ئاماژەی دا لە مانگی رەمەزاندا مەشقەكانمان درێژەی هەبووە و بەشدارییمان لە پاڵەوانیەتیی تاسی هەولێر كردووە كە وێستگەیەكی ئامادەكاریی باش بوو بۆ ئێمە هەرچەندە لە قۆناغی یەكەمدا چووینە دەرەوە.

پتر گوتی، دوای رەمەزان كەمپێكی مەشق لە دەرەوەی هەولێر دەكەینەوە، بەڵام تا ئێستە شوێنەكەمان دیاری نەكردووە، هەروەها دواتر چەند یارییەكی ئامادەكاری و هەڤاڵێنی ئەنجام دەدەین كە یاریی بەهێز دەبن و پشت بەخوا و بەهیمەتی هەموو لایەك ئەنجامی باش تۆمار دەكەین و بڕواشمان بەخۆمان بەرزە.

یانەی هندرێن ساڵی 2003 لە هەولێر دامەزراوە و لە ئاستی تۆپی پێدا یەكێكە لە یانە هەرەبەهێزەكان و وەرزی پێشووتر ناسناوی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بەدەست هێنا و وەرزی رابردووش پلەی دووەمی یانەكانی بردەوە.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close