یاریگا –
بارسێلۆنا لە لالیگا لەسەر بەفیڕۆدانی خاڵەکان بەردەوامە و دوای یەکسانبوونەکەی لەگەڵ ڤالێنسیا پێنجەمین یەکسانبوونی تۆمارکرد، چاڤی دەڵێت بارسێلۆنا خراپترین یانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا و فێلیکسیش دەڵێت ‘تۆمار نەکردنی گۆڵی زۆر و پارێزگاریی نەکردن لە خاوێنی گۆڵەکەمان هۆکاری ئەنجامە خراپەکانمانن’.
چاڤی هێرناندێز دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ ڤالێنسیا لەبارەی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیانەوە گوتی :’بارسێلۆنا لەسەر ئاستی ئەوروپا لە رووی چالاکی لەسەر لاکێشەی سەوز خراپترین یانەیە، ئێمە لە یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا و گرانادا دەرفەتێکی زۆری گۆڵکردنمان لەدەست دا، ئێمە کەسایەتی و فشاری چڕ و کەسایەتی گاڤیمان لەدەست داوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە نەبوونی گاڤی هۆکاری ئەنجامە خراپەکەمان بوو’.
چاڤی: بارسێلۆنا خراپترین یانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا رووی قۆستنەوەی دەرفەتەکان، ئێمە دەرفەتێکی زۆر دروست دەکەین، بەڵام ناتوانین چالاک بین و گۆڵ بکەین.
جواو فێلیکس لەبارەی ئەنجامەکانی ئەم دواییە و یەکسانبوونیان لەگەڵ ڤالێنسیا دەڵێت :’ئێمە دەمانیوت سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنین، چەندان دەرفەتی گۆڵکردنمان هەبوو لە یارییەکە، پێموایە کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە گۆڵی زۆر ناکەین و ناتوانین پارێزگاریی لە تۆڕی گۆڵەکەشمان بکەین، بەداخەوە دواتر تووشی کێشە دەبین، پێویستە ئێمە لە زۆربەی ململانێیەکان براوە بین، دەبێت گۆڵخاوێنی تۆمار بکەین لە یارییەکان’.
جواو فێلیکس: ئێمە ژمارەیەکی زۆری گۆڵ لە یارییەکان تۆمار ناکەین و ناشتوانین پارێزگاریی لە تۆڕی گۆڵەکەمان بکەین و کلین شیت تۆمار بکەین.
جواو کانسێلۆ بەرگریکاری بارسێلۆنا پێچەوانەی فیلێکس بۆچوونێکی جیاوازیی هەیە و پێیوایە فەوتاندنی هەلەکان هۆکاری ئەنجامە خراپەکانیانی یانەکەیانە و دەڵێت :’ئێمە دەرفەتمان هەبوو دوو بۆ سێ گۆڵی دیکە بکەین، ئەگەر ئێمە هەلەکانمان بقۆستبایەوە دەمانتوانی سێ بۆ چوار گۆڵ بکەین لە یارییەکە، خەریکە دۆخەکە لە لالیگا ئەستەم و زەحمەت دەبێت، بەڵام پێویستە تاوەکو دوایین گەڕ رکابەریی بکەین’.
جواو کانسێلۆ: فەوتاندنی هەلەکان هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەمانە، خەریکە دۆخی یانەکەمان لە لالیگا ئاڵۆز دەبێت، بەڵام پێویستە تەسلیم نەبین.
پێدریش دوای یەکسانبوونەکەیان لەگەڵ ڤالێنسیا دانی بەوەدانا ئەنجامەکانی یانەکەیان باش نییە و گوتی :’زۆر روونە ئێمە لە دۆخێکی باشدا نین، بێگومان هەر کاتێک ئێمە نەبەینەوە راهێنەر یەکەم کەس دەبێت تووڕە بێت، پێویستە باری لاری خۆمان راست بکەینەوە’.