یاریگا
تۆپی پێی ئەوروپا چاوەڕێی بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا دەکات، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە چارەنوسی سوپەر لیگ یەکلایی بکرێتەوە.
دادگا دەیەوێت چ بڕیارێک بدات؟
دادگای دادی ئەوروپا لەم بابەتەدا دەکۆڵێتەوە: “ئایا ئەو قۆرخکارییەی یوێفا دروستی کردووە لە ئەنجامدانی یارییەکانی تۆپی پێدا یاساییە؟”. دوو ساڵ و نیو بەسەر هێنانەکایەی پڕۆژەی سوپەر لیگی ئەوروپادا تێپەڕیوە و لەم ماوەیەشدا بەردەوام گفتوگۆ لەسەر ئەم قۆرخکارییە دەکرێت. ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا (یوڤێنتوس ئەم کۆمەڵەیەی بەجێهێشتووە) دەیانەوێت خولێک ڕێکبخەن کە خۆیان بەڕێوەیبەرن و هاوشێوەی چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانێتییەکانی تری ئەوروپی دوور لە چاودێری یوێفا بێت. بەڵام یوێفا دژی ئەمەیە، چونکە ئەنجامدانی پێشبڕکێکانی تۆپی پێ لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا بە مافی تایبەتی خۆی دەزانێت.
دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا چی ڕوودەدات؟
ئەگەر بڕیارەکەی دادگا لە بەرژەوەندی سوپەرلیگ بێت، ئەوا هەوڵەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای دوو دەیە بەرهەمی دەبێت. ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، پێرێز بەنیازە سوپەرلیگی ئەوروپا لە سێ ئاستدا بەڕێوەببات و دەیەوێت 50 بۆ 60 تیپی ئەوروپی بانگهێشتی ئەم خولە بکات. ئەم خولە جێگای ڕکابەرییە ناوخۆییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو جێگەی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپا لیگ و کۆنفرانس لیگ دەگرێتەوە. هەروەها بارسێلۆنا و ڕیال مەدرید پێیانوایە ئەگەر بڕیارەکەی دادگا لە بەرژەوەندی ئەوان بێت، پێویستە هەر یەکێک لە دوو یانە یەک ملیار یۆرۆ وەربگرن، ئەم ژمارەیەش دەتوانێت کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا بۆ هەمیشە چارەسەر بکات.