ئیسپانیاگرنگترین

سوپەرلیگ دەبێتەوە دێوەزمە و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هەراسان دەکات

''پێنجشەممە هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە و پلانەکانی سوپەرلیگ دەستپێدەکەن''

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید و بارسێلۆنا بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپان، چونکە پێنجشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر یاساییبوونی سوپەرلیگ دەدات.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە سوپەرلیگ دەکات، چونکە لەگەڵ ریال مەدرید بڕی یەک ملیار یۆرۆیان دەستدەکەوێت، ئەمەش دۆخی دارایی یانە کاتالۆنییەکە دەباتە قۆناخێکی دیکە.

رۆژنامەکە دەڵێت؛ پێنجشەممە 21ی کانوونی یەکەم، دادگای باڵای ئەوروپا بڕیار لە بەرژەوەندی سوپەرلیگ دەدات و دەڵێت؛ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا مافی قۆڕخکردنی پاڵەوانیەتییەکانی نییە، ئەمەش بە یاساییبوونی سوپەرلیگ لێکدەدرێتەوە.

هەرچەندە زۆربەی یانەکان لە ژێر هەڕەشەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کشانەوە، بەڵام بارسێلۆنا و ریال مەدرید پارێزگاریان لە پڕۆژەکە کردووە، بۆیە پشکی شێری قازانجەکەیان بەردەکەوێت.

فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا

کۆمپانیای A22 سپۆرتس ماناجمێنت کە بە رێکخەری سوپەرلیگ دادەندرێت، دووپاتیدەکاتەوە، هەریەکە لە یوێفا و لالیگا پێنج خولەک دوای بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپا، سەرکەوتنی خۆیان رادەگەیەنن، چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەردوولا دەبێت. بەڵام کۆمپانیاکە بەجیا سەرکەوتنی پڕۆژەکە رادەگەیەنێت، چونکە چیدیکە یوێفا مافی قۆرخکردنی پاڵەوانیەتییەکانی نابێت.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا لەگەڵ ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان بەیەکەوە کار بۆ کۆکردنەوەی واژۆی یانەکان دەکات، بەڕەچاوکردنی بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپا، ئەوا یانەکان لەژێر چەتری یوێفا بمێننەوە و تاکە دامەزراوەبێت، بۆ کۆکردنەوەی یانەکانی ئەوروپا.

تاوەکو ئێستا کۆمپانیای رێکخەری سوپەرلیگ، پەیوەندی بە 60 یانەوە کردووە و بەڵێنی داهات و بودجەی باشیان پێدراوە، چونکە لە دوای پەتای کۆرۆناوە، زۆربەی یانەکانی ئەوروپا تووشی قەیرانی دارایی بوون.

ناڕەزایی هاندەران بۆ پڕۆژەی سوپەرلیگ

رۆژنامەی موندۆ لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا روونیکردووەتەوە، ئەو پارەی لە بانک کۆکراوەتەوە، لەلایەن ریال مەدریدەوە کاری پێدەکرێت و بارسێلۆناش بە پلەی دووەم، چونکە بارسا تاوەکو ئێستا بابەتەکەی لەگەڵ یوێفا یەکلایی نەکردووەتەوە و لە نێوان هەردووکیان ماوەتەوە، لە بەرامبەر یوێفا کە پاڵپشتی دارایی قەتەڕی لەدواوەیە، هەوڵی هێرشی پێچەوانە دەدات و رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا، بە پارە و داهاتی زیاتر، یانەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.

لە سەرەتای راگەیاندنی پرۆژەکە 12 یانەی گەورەی ئەوروپا کە پێکهاتبوون لە ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئەیسی میلان، یوڤێنتوس، ئینتەر میلان، مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، تۆتنهام، چێڵسی و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشداری کردنی خۆیان راگەیاندبوو.

بەڵام دواتر لەژێر فشار و هەڕەشەکانی یۆفا سەرجەمیان لە پاڵەوانێتییەکە کشانەوە و تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا مانەوە.

یانەکانی سوپەرلیگ لە سەرەتای راگەیاندنی پڕۆژەکە

بابەتی زیاتر

Back to top button