کام یانە زۆرترین پارەی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە؟
یاریگا
قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە رووی داهات یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانی پاڵەوانتیەکە، بە تایبەت ئەگەر یانەکان بتوانن سەرجەم یارییەکانی ئەم قۆناغە براوە بن، ئەوا لە کۆتاییدا داهاتێکی زۆریان دەست دەکەوێت.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانەی ڕیال مەدرید ئەم وەرزەدا نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆی لە چامپیۆنزلیگی دەستکەوتووە، کە زۆرترین داهاتە لەنێو سەرجەم یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانتیەکە. یوێفا بۆ هەر بردنەوەیەک لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ 2.8 ملیۆن یۆرۆ و بۆ یەکسانبوون 900 هەزار یۆرۆی تەرخانکردووە.
داهاتی ڕیال مەدرید لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە 79,892,421 یۆرۆ بووە. یانە شاهانەکە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا بە شەش بردنەوە 16.8 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە، یاریزانانی کارلۆ ئەنچیلۆتی 9.8 ملیۆن یۆرۆیان بەدەستهێناوە بەهۆی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16 و 15.6 ملیۆن یۆرۆش بەهۆی بەشداریکردنی لە قۆناغی کۆمەڵەکان. لەلایەکی دیکەوە یانەی ڕیال مەدرید بڕی 36.38 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشتێک بۆ ئەنجامەکانی لە 10 ساڵی ڕابردوودا وەردەگرێت.
دوای ڕیال مەدرید، بایرن میونشن بە 76.6 و مان سیتی بە 76.48 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی دووەم و سێیەمی ئەو تیپانەدان کە زۆرترین داهاتیان لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە بەدەستهێناوە.