خوله‌کانی دیکە

کریستیانۆ رۆناڵدۆی 38 ساڵان رکابەرییەکی بەهێز دەکات؛ کێ دەبێتە گۆڵکاری ساڵی 2023؟

ریزبەندیی گۆڵکارانی ئەمساڵ لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکانیان و یارییەکانی داهاتوویان

Yariga App

یاریگا –

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 نزیک دەبینەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆی 38 ساڵان رکابەرییەکی توند لەسەر گۆڵکاری ئەمساڵ دەکات و هاری کەین و کیلیان ئێمباپێی تێپەڕاندووە،

کریستیانۆ رۆناڵدۆی 38 ساڵان رکابەریی ئێرلینگ هالاندی 23 ساڵان دەکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەرچی لە کۆتاییەکانی کاروانی وەرزشیی نزیک دەبێتەوە و 55 رۆژی دیکە تەمەنی دەبێتە 39 ساڵ، بەڵام لە کێبڕکێی گۆڵکارانی ساڵ سەرووی لیستەکەی گرتووە و لەمساڵ تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 50 گۆڵی تۆمارکردووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە درێژایی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لە 56 یاری 50 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی لەمساڵدا لە 47 یاری 40 گۆڵی کردووە و لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ لە 9 یاری 10 گۆڵی کردووە.

ئێرلینگ هالاندی 23 ساڵان لەگەڵ هەڵبژاردەی نەرویج و یانەی مانچێستەر سیتی تاوەکو ئێستا لەمساڵدا لە 60 یاری 50 گۆڵی کردووە.

تاوەکو سەری ساڵ کامیان دەبێتە گۆڵکاری ساڵ؟

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو سەری ساڵ سێ یاریی لە خولی سعوودی لە بەردەم ماوە، لەگەڵ یانەی نەسڕ لە رۆشن لیگ بەرامبەر ئیتیفاق و ئیتیحاد و تەعاون یاریی دەکات، ئێرلینگ هالاندیش تاوەکو سەری ساڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکان شەش یاریی لەبەردەمدا ماوە، گەرچی هێرشبەرە نەرویجییەکە پێکانێکی سووکی هەیە و لە دوایین یاریی مان سیتی بەرامبەر لوتن تاون ئامادە نەبوو گومانیش دەکرێت لە یاریی سبەی سرڤینا زڤێزدا بێبەش بێت، بەڵام بەگوێرەی دوایین هەواڵەکان نابێتە هۆی ئەوەی زیاتر لە یاریکردن داببڕێت.

ئێمباپێ و کەینیش رکابەریی دەکەن

کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین لە لیستی گۆڵکارانی ساڵدا رکابەریی دەکەن و هەردووکیان چانسی بوون بە گۆڵکاری ساڵیان هەیە، ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا تاوەکو ئێستا لە 50 یاری 49 گۆڵی تۆمار کردووە، کیلیان لەگەڵ پاریس تاوەکو سەری ساڵ سێ یاریی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتمۆند و لیل و میتز لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە گۆڵکاری 2023.

هاری کەینیش لەگەڵ یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەمساڵ لە 54 یاری 49 گۆڵی تۆمار کردووە، شازادە کەینیش لەگەڵ باڤارییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵ سێ یاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد و شتوتگارت و فۆلفسبۆرگ لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری ساڵ.

مێسی لە دەرەوەی کێبڕکێکەدایە

لیۆنێل مێسی لە دەرەوەی کێبڕکێیەکەدایە و ژمارەی گۆڵەکانی لەمساڵ زۆر نین، لیۆ کە ئەمساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی ئینتەر مەیامی ئەمریکییەوە کرد، لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە 44 یاری 28 گۆڵی تۆمار کردووە، لەگەڵ ئارجێنتینا لە هەشت یاری هەشت گۆڵی کرد، لەگەڵ یانەکەشی لە 36 یاری 20 گۆڵی تۆمار کرد و ئەمساڵ بۆ لیۆ کۆتایی هاتووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button