یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، ئامادە نییە ئۆفەرە گرانبەهاکەی پاریس سانجێرمان کە بە بڕی یەک ملیار یۆرۆیە قبوول بکات.
گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لەبارەی درێژکردنەوەی گرێبەستی ئەم یاریزانە لەگەڵ ئەم یانەیە نییە. ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لە هاوینی رابردوو وایکردووە هەستیارییەکان لەسەر ئەم بابەتە هێندەی تر زیاتر بێت، هاندەرانی پاریس سانجێرمان و بێگومان ریال مەدریدیش بە وردی بەدواداچوون بۆ هەموو رووداوەکان و وردەکارییەکان دەکەن.
پێشتر زۆرێک لە میدیاکانی نزیک لە ریال مەدرید رایانگەیاندبوو کە ئەم ئەستێرە فەرەنسییە چیتر چانسی ئەوتۆی نابێت بۆ ئەوەی لە پاریس بمێنێتەوە و پێویستە بەزووترین کات بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی خۆی بدات و وەڵامی ئۆفەرەی مەدریدیەکان بداتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، ئەم یاریزانە بە شێوەیەکی یاسایی رێگەی پێدراوە دانوستان لەگەڵ هەر یانەیەک بکات لە دەرەوەی خولی فەرەنسا کاتێک پەنجەرەی گواستنەوەی زستانە دەکرێتەوە.
راهێنەرانی ریال مەدرید کە ئەزموونێکی تاڵیان هەیە لە رێککەوتنی زارەکی لەگەڵ ئێمباپێ، ئامادەنین ئەمجارە فریوی ئەو خێزانەکەی بەتایبەت دایکی کە بەڕێوبەری کارەکانییەتی بخۆن بۆیە دەیانەوێت بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەل واژوو بکەن.
پرسی ئەم گفتوگۆیە وایکردووە بەڕێوەبەرانی پاریس سانجێرمان زۆر نیگەران بن لەم دۆخە و هەموو کارێک دەکەن ئەم ئەستێرەیە لە یاریگای پارکی شازادەکان بهێڵنەوە. ئێستاش تۆماس گۆنزالێز، رۆژنامەنووسی ئیسپانی دەڵێت کە ئەم یانەیە ئۆفەرێکی باوەڕپێنەکراوی لە بڕێ مانەوەی بۆ پێشنیار کردووە.
پاریس سانجێرمان بە ئێمباپێ و خێزانەکەی راگەیاندووە، ئامادەن بڕی یەک ملیار یۆرۆ لە پای مانەوەی لە پاریس بدەنە ئەو یاریزانە و گرێبەستێکی تاوەکوو ساڵی 2027 لەگەڵدا واژوو بکەن.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئێمباپێ رەتیکردەوە ئەم ئۆفەرە قبوڵ بکات. پێدەچێت ئەم یاریزانە بییەوێت پاریس جێبهێڵێت و درێسی یانەی ریال مەدرید لەبەر بکات تاوەکوو چانسی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری هەبێت.