یاریگا –
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا ئەمڕۆ لەبڕی ئەوەی سەرزنشتی بارسێلۆنا بکەن کە بە ئەنجامی 4-2 لە یاریگای خۆیدا شکستی پێهێندراوە، دەستیان بە پێدا هەڵگوتنی جیرۆنا کرد.
جیرۆنا سەرەتا لە بارسێا پێشکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لیڤاندۆڤسکی ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا یەکسانکردەوە، بەڵام کوڕانی میشێڵ توانیان دوو گۆڵی تریش تۆماربکەن. هەرچەندە گوندۆگان لە کاتی زیادکراودا جیاوازییەکەی بۆ یەک گۆڵ کەمکردەوە، بەڵام لە کۆتا خولەکەکاندا کریستیان ستۆانی گۆڵی چوارەمی جیرۆنای کرد تاوەکوو بارسێلۆنا توشی قورسترین شکستی ئەم وەرزەی بکات. جیرۆنا لە مێژووی خۆیدا هەرگیز نەیتوانیبوو بەم شێوەیە لە بارسێلۆنا بباتەوە.
پێشبینی دەکرا ئەمڕۆ رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا باسی شەرمەزارییەکەی بارسێلۆنا بکەن، بەڵام مانشێتەکان پڕ بوون لە ستایشی جیرۆنا. هەروەها ئەوەی کە جیرۆنا تیپێکی کەتەلۆنیایە، لەم حاڵەتەدا بێ کاریگەری نییە. مانشێتی رۆژنامەکانی مەدریدیش بە شێوەیەکی سروشتی ستایشی جیرۆنای نایاب و سەرنجڕاکێشیان کرد.
رۆژنامەی سپۆرت نوسی: جیرۆنا پێشەنگە
مۆندۆدیپۆرتیڤۆ: لێدانێکی گەورە بۆ سەرکردە
سپۆرتیۆ: هێرشێکی بەهێز
ئاس: لێرە جیرۆنا فەرمان دەکات
مارکا: سەرکردەی تۆپی پێ هیچ سنوورێک نازانێت