ئیتاڵیا

ڤیدیۆ: مۆرینیۆ بۆ گەیاندنی پەیامێکی بە یاریزانەکانی پەنا بۆ منداڵێک دەبات

یاریگا –

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی، داوای یارمەتی لە تۆپ هێنەرەوەیەک کرد تاوەکوو پەیامەکەی بۆ بگەیەنێتە دەستی پاتریسیۆی گۆڵپارێزی تیپەکەی.

شەوی رابردوو، یانەی رۆما لە چوارچێوەی هەفتەی 15ی خولی ئیتاڵیا رووبەڕووی فیۆرێنتینا بووەوە و بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوون.

یارییەکەی شەوی رابردوو یارییەکی پڕ گڕژی و رووداو بوو بۆ رۆما، ئەمەش وایکرد نیکۆلا زالێفسکی و رۆمێلۆ لۆکاکۆ هەردووکیان رووبەڕووی کارتی سووری ناوبژیوان ببنەوە و لە یاریگا بکرێنە دەرەوە.

دوای دەرکرانی ئەستێرە بەلجیکییەکە، مۆرینیۆ یەکسەر چووە لای یەکێک لە تۆپ هێنەرەوەکان و هەوڵیدا شتێک بە گوێیدا بڵێت، بەڵام وادیارە نەیتوانی خاڵەکەی بگەیەنێت، بۆیە چووە سەر کورسی یەدەگ و شتێکی لەسەر پارچە کاغەزێک نووسی و پێی دا تا بیگەیەنێتە دەست پاتریسیۆ.

بەو پێیەی ئەندامانی ستافی راهێنەرایەتی رێگەیان پێنادرێت لە پشت گۆڵەوە بن، مۆرینیۆ دەیزانی کە ئەمە تاکە رێگایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەیامەکەی بگەیەنێتە گۆڵپارێزی تیپەکەی.

بەڵام پێگەی وەرزسی DAZN هەر زوو وێنەی دەقی ئەم پەیامەی گرت و بڵاوی کردەوە تاوەکوو روون بێتەوە کە فەرمانی سپێشڵ وەن بۆ گۆڵپارێزی تیپەکەی سەبارەت بە جێگیرکردنی یاریزانەکان بوو لەسەر لێدانی گۆشە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەرگری بکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەیکە لۆکاکۆ لە یاریگا کرایە دەرەوە.

پاتریسیۆ دەقەکەی خوێندەوە و دایە دەستی تۆپ هێنەرەوەکە، ئەویش گوتی دەیەوێت بۆ هەمیشە ئەم نوسراوە وەک یادگارییەک کە لە یارییەکەدا بەشێک بووە لە تیمەکەی مۆرینیۆ لای خۆی بیهێڵێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button