چاڤی: جیرۆنا دەتوانێت ناسناوی لالیگا بباتەوە
چاڤی هێرناندێز بەر لە رووبەرووبوونەوەی جیرۆنا دەڵێت، یانە رکابەرەکەیان دەتوانێت ناسناوی ئەم وەرزەی لالیگا بباتەوە.
جیرۆنا ئەسپی رەشی ئەم وەرزەی ئیسپانیایە و دوور لە هەموو چاوەڕوانییەک پاش 15 هەفتە چوار خاڵ لە پێش بارسێلۆنایە و سبەینێش رووبەرووی یەکدەبنەوە.
چاڤی بەر لەو یارییە وتی
بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسوڕمانە کە جیرۆنا لە پێشەنگی ریزبەندییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەڵام بۆ ئێمە سەیر نیە، چونکە میشێل راهێنەرێکی گەورە، بە سیستەمێکی زۆر نزیک لە ئێمە یاری دەکەن. نایابە ئەوەی ئەنجامی دەدەن و پیرۆزباییان لێ دەکەم. ئەوان دەتوانن شەڕی بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەن و لە راستیدا چوار خاڵ لە پێش ئێمەوەن. حەزم بەوەیە کە چاونەترسن و هێرش دەکەن. ئەوان ئازان و ئەوەش وایکردووە بگەنە ئێرە”.
لە باری بردنەوەی جیرۆنا لە بارسێلۆنا، ئەو یانەیە سوود لە بەرامبەربوونەکەی ریاڵ مەدرید وەردەگرێت و بەتەنها دەگەڕێتەوە پێشەنگی لالیگا. لە بەرامبەردا تیمەکەی چاڤی پێویستی بە بردنەوەیە تاوەکو لە دوو پلەکەی پێشەوە دوورنەکەوێتەوە و جیاوازییەکە لەگەڵ جیرۆنا کەمبکاتەوە بۆ یەک خاڵ.