نیوکاسڵ ئەستێرەیەکی مانچێستەر سیتی کردووەتە ئامانج
دوو یانەی دیکەش چاویان لەسەرییەتی
یاریگا
یانەی نیوکاسڵ یونایتد ئامانجییەتی لە مێرکاتۆی زستانە کاڵڤن فیلیپس بگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرت، رودی گالێتی بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی یەک کاڵڤن فیلیپسی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئامانجی سەرەکی یانەی نیوکاسڵ یونایتدە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
کاڵڤن بەهۆی کەمی خولەکەکانی یاریکردنی ئارەزووی جێهێشتنی سیتیزن دەکات، یانەکەشی لاری نییە دەستبەرداری ببێت ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاویان پێشکەش بکرێت.
🚨 #Newcastle are taking the first steps to sign Kalvin #Phillips in Jan.
‼️ #NUFC consider the 🏴 player a main target: with a suitable offer, #ManCity could let him go.
🔎 #Tottenham are still monitoring him, but to date is not a priority: first of all, #THFC need a striker. https://t.co/NTZHSHN2BR pic.twitter.com/ZsODU87zwL
— Rudy Galetti (@RudyGaletti) December 3, 2023
هەر بەپێی زانیارییەکانی گالێتی، یانەی تۆتنهامیش چاودێری یاریزانەکە دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکییان نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی سپێرز گواستنەوەی هێرشبەرێکی بەتوانایە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لوکاس پاکێتای بەڕازیلی و ئەستێرەی یانەی وێستهام هێشتا ئامانجی سەرەکی مانچێستەر سیتییە، ئەو یانەیە وازی لە بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵیدا نەهێناوە.
هاوکات جیا لە تۆتنهام، یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیش گرنگی با یاریزانە تەمەن 28 ساڵانییەکە دەکات، ئەمەش بەهۆی سڕکرانی هەریەکە لە یاریزانانی، پۆل پۆگبا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش و نیکۆلۆ فاگیۆلی بەهۆی ئەنجامدانی گرەوی وەرزشی.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو، لە نێوان یانە گەورەکانی ئەوروپا، کێبڕکێی توند بۆ بەدەستهێنانی ناوەڕاستکارەکەی بلوو موون رووبدات.
کاڵڤن لە هاوینی 2022 بە بڕی 49 ملیۆن یۆرۆ لە لیدز یونایتدەوە پەیوەندیکردن بە مانچێستەر سیتی، بە درێسی یانەکەی ئێستای بەشداری 29 یاری کردووە، بە شێوەیەکی گشتی تەنیا 808 خولەک یاری کردووە و خاوەنی هیچ گۆڵ و ئەسیستێک نییە.
نازناوێکی چامپیۆنزلیگ، نازناوێکی پرێمەرلیگ، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا و نازناوێکی جامی یەکێتی ئینگڵتەڕاشی لەگەڵ سیتیزن بەدەستهێناوە.