ئیڤان خالید: ئامانجمانە ئەم وەرزە ببینە پاڵەوانی جامی یەکێتیی ئاسیا
ستایشی لوئەی سەڵاح دەکات و پێیوایە لە داهاتوو دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق
یاریگا –
ئیڤان خالید ناوەڕاستکاری کوردی یانەی کارەبا لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەڵێت ‘ئامانجمانە وەکو یانەی کارەبا ئەم وەرزە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەست بهێنین’. دەشڵێت ‘هەرچی لەتوانامدا هەبێت دەیکەم بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێم’.
ئیڤان خالید لەبارەی ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەڵێت ‘سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و راهێنەران و یاریزانانی یانەکەمان هەموومان خۆمان بۆ جامی یەکێتیی ئاسیا یەکلاکردووەتەوە و ئامانجمانە ببینە پاڵەوان، هەرچەندە یەکەمجارە بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەین، بەڵام بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەکرێین و پاڵپشتی دەکرێین، هەموو هەوڵێک دەدەین جامەکە بەرز بکەینەوە، بەهۆی قەرەباڵخی خشتەی یارییەکان گرنگی زۆر بە خولی ئەستێرەکانی عێراق نادەین، چونکە ئامانجەکەمان جامی یەکێتیی ئاسیایە، لوئەی سەڵاح داوای لێکردووین جامی یەکێتیی ئاسیا ببێتە ئامانجی یەکەممان’.
ئیڤان خالید لەم وەرزەی جامی یەکێتیی ئاسیا لەکۆی پێنج یاریی یانەکەی بەشداریی سێ یاریی کردووە و لە دوو یاریی سەرەکی بووە و لە یارییەکیش یەدەگ بووە، لەگەڵ یانەکەی گەیشتە قۆناخی 16.
https://www.facebook.com/Yariga/posts/pfbid02FcjRoiL2d5SgKB5pXigQhkwgP4Yw3HQy75A9Qbd2XfNSxLkhAsXNvCMiy37HXBQpl
ناوەڕاستکارە کوردەکە لەبارەی بانگهێشت نەکرانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت ‘بەداخەوە تاوەکو ئێستا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەکراوم، پێموایە ئەگەر بۆ تەنیا جارێکیش بانگهێشت بکرابام دەمتوانی خۆم بسەلمێنم و تەمەنم لە هەڵبژاردەکە درێژ دەبوو، بەڵام ئەم دەرفەتەم پێنەدرا، هەبوونی پاڵپشتی و پەیوەندیی کەسی رۆڵی لە بانگهێشتکردنی یاریزان لە هەڵبژاردەی عێراق هەیە، هەرچی لە توانامدا هەبێت دەیکەم بۆ ئەوەی بتوانم بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێم و حەز دەکەم لە داهاتوو ئەو ئاواتەم بهێنمە دی’.
ئیڤان لەبارەی رۆڵی لوئەی سەڵاح کە پێشتر هەر ئەو ئیڤانی پەلکێشی یانەکەی بەغدا کرد، دەڵێت ‘لوئەی سەڵاح رۆڵی کاریگەری لەسەر ئەنجام و ئاستی یانەکەمان هەیە، لە رووی تەکتیکییەوە زۆر لێزانە و گرنگی تەواو بە لایەنی هونەری دەدات و پێموایە لە داهاتوودا دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، خۆزگە هەموو راهێنەرەکانی دیکەی عێراق وەکو لوئەی سەڵاح دەبوون، ئەوکات خولەکە خۆشتر دەبوو’.
ئیڤان خالید (32 ساڵان) دوو ساڵ لەمەوبەر لە ریزی یانەی هەولێرەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی کارەباوە کرد، پێشتر درێسی یانەکانی زاخۆ و نەفتی وەسەتی پۆشیوە.
https://www.facebook.com/Yariga/posts/pfbid0hfmHm3jvyXVhuN6QNYbrmg9XcwfedKkvnmPs6Du92uPjKAkqsoz6tge5yNwdvZ9zl