یوێفا لەبارەی پێناڵتییەکەی پاریس سانجێرمان بڕیارێکی دەرکرد
سزای ناوبژیوانی ڤاری دا
یاریگا –
یوێفا لەبارەی رووداوی لێدانە سزایەکەی پاریس سانجێرمان لە یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد بڕیارێکی دەکرد و ناوبژیوانی ڤاری یارییەکەی سزا دا.
کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، تۆماس کویاتکۆڤسکی ناوبژیوانی ڤاری یاریی پاریس سانجێرمان و نیوکاسڵ یونایتدی دوورخستەوە، چونکە ئەو ناوبژیوانە داوای لە سیمۆن مارسینیاک ناوبژیوانی یارییەکە کردبوو لێدانی سزا بۆ پاریس هەژمار بکات.
وابڕیاربوو ناوبژیوانە پۆڵەندییەکە لە یاریی ئەمشەوی ریال مەدرید و ناپۆلی سیستەمی ڤار جێبەجێ بکات و وەکو ناوبژیوانی ڤار ناوی لە ستافی ناوبژیوانانی یارییەکە تۆمارکرابوو، بەڵام یوێفا بڕیاریدا بەهۆی بڕیارەکەی یارییەکەی پاریس و نیوکاسڵ دووری بخاتەوە، کە رەخنەیەکی زۆر لە پێناڵتییەکەی پاریس گیرا.
لە کاتی زیادکراوی یاریی پاریس سانجێرمان و نیوکاسڵ یونایتد، ناوبژیوانی یارییەکە لەسەر پێشنیاری ناوبژیوانی ڤار لێدانی سزای بۆ پاریس هەژمارکرد و کیلیان ئێمباپێ بەو پێناڵتییە گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و هەردوولا بە گۆڵێک یەکسانبوون.