یاریگا –
خۆسێ مۆرینیۆ، چاوی لەسەر پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلە.
بە گوێرەی پێگەی UOL سەرەڕای بەهێزی ناوی کارلۆ ئانچێلۆتی، بۆ وەرگرتنی ئەرکی مەشقی هەڵبژاردەی سامبا، کەچی مۆرینیۆ چاوی لەسەر پۆستەکە داناوە و دەیەوێت رۆژێک لە رۆژان ببێتە راهێنەری زەردپۆشەکان.
راهێنەرە 60 ساڵییەکە پێی وایە، دەرگای یانەکانی ئەوروپا بەڕووی ئەودا داخراون و ئەمجارە چاوی لەسەر پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک داناوە.
مۆرینیۆ لە لێدوانێکدا لەگەڵ TGI پێی وایە پێویستە کارلۆ ئانچێلۆتی، لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید بەردەوام بێت.
پێم وایە تەنیا کەسێکی شێت ریال مەدرید جێدەهێڵێت، لە کاتێکدا ئەگەر داواکاریشی لەسەر بێت. دڵنیام فلۆرێنتینۆ پێرێز (سەرۆکی ریال مەدرید) دەیەوێت کارلۆ بمێنێتەوە، چونکە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوان و ریال مەدریدیش باشترین بژاردەیە بۆ کارلۆ.
دواتر ئاژانسی Rai2 پرسیارێکی لەبارەی ئەگەرەکانی گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید، لە مۆرینیۆ کرد
من لە ریال مەدرید؟ کاتێک راهێنەرێکی زۆر باشت دەبێت، بۆچی بیر لە راهێنەرێکی دیکە بکەیتەوە؟ من زۆر باش فلۆرێنتینۆ دەناسم، پیاوێکی زۆر ژیرە. ئەگەر رۆژنامەکان بخوێنێتەوە، بیرۆکەکانی زۆر بەباشی بۆ روون دەبێتەوە. وەک مەدریدێستاییەک، وەک ئانچێلۆتییەک، هیوادارم ریال مەدرید بە باشترین شێوە کۆتایی پێبهێت و کارلۆش لەوێ بمێنێتەوە، چونکە ئەو باشترین بژاردەیە بۆ مەدرید.
لە هاوینی رابردوودا، مۆرینیۆ ئۆفەری زۆر باشی لە سعودیەوە پێگەیشت، بەڵام هەمووی رەتکردەوە تاوەکو گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆما بەتەواوی جێبەجێ بکات.
یاری داهاتووی رۆما لە بەرامبەر سێرڤێت، لە یۆرۆپالیگ دەبێت.