یاریگا –
یاریزانانی هەولێر بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەکەیان دەکەن و ئامادە نین تاوەکو شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت، بگەڕێنەوە راهێنانەکانی یانەکەیان.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یاریزانانی یانەی هەولێر دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر زاخۆ، ئامادە نین مەشق و راهێنانەکانیان ئەنجام بدەن، بایکۆتی راهێنانەکانیان کردووە و داوای شایستە داراییەکانیان لە یانەکەیان دەکەن.
رۆژی هەینی هەولێر یاریی داهاتووی بەرامبەر تەڵەبە ئەنجام دەدات و لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە بەغدا دەبێتە میوانی تەڵەبە، دەبێت رۆژی پێنجشەممە شاندی یانەکەی قەڵاومنارە گەشتی بەغدا بکەن، لەکاتێکدا یاریزانەکانی یانەکە ئامادە نین راهێنانەکانیان بکەن.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=937278977758430&set=pb.100044290096476.-2207520000&type=3
پێش دەستپێکی ئەم وەرزە، یاریزانانی یانەی هەولێر بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کردبوو، ئەوکات بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانیان پێدرابوو، کە لەوەتەی دەستیان بە ئامادەکاریی کردووە بۆ وەرزی نوێ، تەنیا مووچەیەکیان پێدراوە و بەشی یەکەمی پارەی گرێبەستەکانیشیان وەرنەگرتووە.
هەولێر لەکۆی پێنج یاریی ئەم وەرزە تووشی سێ دۆڕان بووە و تەنیا چوار خاڵی هەیە و لە پلەی حەڤدەمی ریزبەندی خولەکە دێت.