یاریگا
یانەکانی هەولێر و زاخۆ لە یاریی لوتکەی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری رووبەڕووی یەکتری بونەوە.
زاخۆییەکان لە کاتێکدا لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بونە میوانی هەولێر، لە کۆی چوار یاریی رابردوویان تامی بردنەوەیان نەکرد بوو.
لەولاشەوە هەولێرییەکانیش بارودۆخیان زۆر لە میوانەکەیان باشتر نەبوو و ئەوانیش بە هیوای بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە هاتنە ناو یاریگا.
نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ کام لە یاریزانانی هەردوو یانە، سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی یەکتری و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 0-0 کۆتایی هات.
نیوەی دووەم تەواو جیاواز بوو و زاخۆییەکان باشتر توانیان سوود لە دەرفەتەکانیان ببین و لە خولەکی 63 موهەیمەن سەلیم گۆڵی یەکەمی یانەی میوانی کرد.
یارییەکە بەردەوام بوو و یاریزانانی زاخۆ جارێکی دیکە گورزەکەی خۆیان وەشاندەوە، ئەمجارەیان لە خولەکی 67 پاتریکی بەڕازیلی گۆڵی دووەمیشی بۆ یانەکەی کرد.
لە کۆتاییدا زاخۆ یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 لە یانەی هەولێری خاوەن یاریگا بردەوە و کۆی خاڵەکانیشیان گەیاندە 6 خاڵ و لە پلەی 19ـی ریزبەندی، بۆ پلەی 12 سەرکەوتن.
لە بەرامبەردا هەولێر لە کۆی پێنج یاریی ئەم وەرزەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، تووشی سێیەم دۆڕان بوو و لە پلەی 17 بۆ پلەی 19 دابەزی.