یاریگا –
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، سەرەڕای بردنەوەی یاری کلاسیکۆی جیهان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل، کەچی باس لە ئەگەری وازهێنان لە پۆستەکەی دەکات.
ساڵی رابردوو، سکالۆنی بۆ بردنەوەی جامی جیهانی، سەرکردایەتی تانگۆی کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نێو یاریگای ماراکانا، ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرازیلی بردەوە. لە دوای یارییەکە سکالۆنی روونیکردەوە
کاتی ئەوەیە تۆپ بوەستێنین و بیربکەینەوە، زۆر بابەت لە ئارادان و دەبێ بیریان لێبکەمەوە، ئەم یاریزانانە زۆریان پێبەخشیم، دەمەوێت زۆر بیربکەمەوە، بزانم لە داهاتوودا چی دەکەم. ئەمە ماڵئاوایی نییە، بەڵام پێویستیم بە بیرکردنەوەیە، چونکە ئاستەکە زۆر بەرزە. ئەستەمە لە بردنەوەکان بەردەوام بین و ئەم پیاوانە (یاریزانەکان) کارەکەم لەسەر قورس دەکەن. دواتر لەگەڵ قسە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین و یاریزانان دەکەم، ئەم تیمە پێویستی بە راهێنەرێکی پڕوزەیە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کەسەکە لە دۆخێکی گونجاودا بێت.
لێدوانی سکالۆنی، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا دروستکردووە، گاستن ئیدۆل، رۆژنامەنووسی دیاری ئەرجەنتینی روونیکردەوە
سکالۆنی هیچ شتێکی لەگەڵ یاریزانان لەبارەی داهاتووی خۆی باس نەکردووە. سکالۆنی بەهۆی کێشەکانی ناوخۆوە توڕەیە، رەنگە کێشەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتییەکە هەبێت، ناکۆکی لەسەر بابەتێک هەیە. یاریزانانی ئەرجەنتین دەزانن، سکالۆنی لە بابەتێک نیگەران و تووڕەیە.
نیکۆلاس ئۆتامێندی تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد و تانگۆ لە پێشەنگایەتیکردنی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ جامی جیهانی بەردەوام دەبێث.
ئەرجەنتین بە 15 خاڵ لە پلەی یەکەمدا دێت و بەرازیل بە حەوت خاڵ لە پلەی شەشەمدا مایەوە.
یارییەکەی نێوان بەرازیل و ئەرجەنتین بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دواخرا، ئەمەش بەهۆی ئاژاوەگێڕی هاندەران لە یاریگای ماراکانا و دواتر هێزەکانی ئەمنی بەرازیل بە توندی هێرشیانکردە سەر ئاژاوەگێڕان و چەند هاندەرێک بریندار بوون.