ئه‌وروپاراپۆرتی تایبەتیاریگا

یوێفا و فیفا لە بەرامبەر پێکانی یاریزانەکان چۆن قەربووی یانەکان دەکەنەوە؟

یانەکان بەهۆی یاریی هەڵبژاردەکان زیانی گەورەیان بەر دەکەوێت

Yariga App

یاریگا –

بەپێی یاساکانی فیفا، ئەگەر هەر یاریزانێک لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا تووشی پێکان ببێت و لانیکەم بۆ ماوەی 28 رۆژ لە یاریگاکان دوور بکەوێتەوە، ئەوا یوێفا دەبێت لە دوای رۆژی بیست و هەشتەمینەوە بۆ ماوەی ساڵێک (365 رۆژ) قەرەبووی یانەکە بکاتەوە.

بەرنامەی پاراستنی یانەکانی فیفا (CPP)، بیمەیەکە کە مەترسی پێکانی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەگرێتەوە. یاریزانان کە بە تایبەتی لەلایەن یانەکانەوە راهێنانیان پێدەکرێت و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت، پێویستە لە ئەگەری تووشبوونیان بە پێکان، بیمەیان بۆ یارییەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی لەلایەن رێکخەرانی چالاکییەکانەوە درووست بکرێت. CPP دڵنیای دەدات لەوەی کە فیفا قەرەبووی ئەو زیانانە دەکاتەوە کە یانەکە رووبەڕووی دەبێتەوە (مووچەی یاریزانان) لەو ماوەیەی کە یاریزانەکە بۆ یانەکەی بەردەست نابێت. ئەم بیمەیە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان یانەکان و کۆمەڵە نیشتمانییەکان دابینکراوە.

بەرنامەی پاراستنی یانەکان بۆ دەستپێکردنی یۆرۆی 2012 لە یاری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا کە تەنیا ئەو یاریزانانەی دەگرتەوە کە لە یانە (ئەوڕوپییەکان) یارییان دەکرد. دوای پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرەی فیفا لە بوداپێست لە مانگی ئایاری 2012، بەرنامەی پاراستنی یانەکان لەلایەن فیفا بە هەمان مەرج لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێکرا. هەموو ئەو یانانە دەگرێتەوە کە یاریزانان بۆ یارییەکانی تیپی نیشتمانی پیاوان و ئافرەتان تووشی پێکان بوونە.

قەرەبوو کردنەوەکە بەچ شێوەیەکە؟

زۆرترین قەرەبووی فیفا بۆ پێکانی یاریزانێک بۆ یانەکەی تا ساڵێکە و بڕەکەی 7.5 ملیۆن یۆرۆیە. قە‌رەبووکردنەوەکە لە 28مین رۆژەوە لە دوای تووشبونی بە پێکان بۆی هەژمار دەکرێت تاوەکوو 365 رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەو قەرەبووەی کە دەدرێت لەسەر بنەمای ئەو مووچە جێگیرەیە کە یانەکە راستەوخۆ دەیدات بە یاریزانەکە. قەرەبووکردنەوە پاداش و شایستە داراییەکانی یاریزانەکان ناگرێتەوە.

بارسێلۆنا لەبەرامبەر پێکانی گاڤی چەند پارە لە یوێفا وەردەگرێت؟

گاڤی لە یارییەکەی نێوان ئیسپانیا و جۆرجیا تووشی پچرانی بەستەری ئەژنۆ بوو، دوای پشکنینی پزیشکی لە بارسێلۆنا، دەرکەوت کە ئەم یاریزانە بۆ ماوەی 7 تاوەکوو 9 مانگ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئەو یاریزانە وەرزێکی تەواو ناتوانێت بەشداری هیچ یارییەک بکات.

لەم حالەتەدا فیفا دەبێت بۆ هەر رۆژێک کە گاڤی لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە بڕی 20 هەزار و 518 یۆرۆ بدات بە بارسێلۆنا. ئەم پارەیەش دوای ئەوەی یاریزانەکە بۆ ماوەی 4 هەفتە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە دەست پێدەکات. ئەگەر گاڤی بۆ ماوەی 8 مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، فیفا دەبێت 4.3 ملیۆن یۆرۆ بدات بە بارسێلۆنا، ئەگەر پێکانەکە 9 مانگ بەردەوام بێت، ئەوا پارەی فیفا بۆ یانە ئیسپانییەکە لە کۆتاییدا دەگاتە 5 ملیۆن یۆرۆ.

گاڤی دوای پێکانەکەی
گاڤی دوای پێکانەکەی

شایەنی باسە ئەم قەرەبووکردنەوەیە تەنها ئەو یاریزان و یانانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی فەرمی گرێبەست لە نێوانانیاندا واژوو کراوە و لە خولەکان ناویان تۆمارکراوە، گەر بەم شێوەیە نەبێت قەرەبوو نایان گرێتەوە. هەروەها ئەو یاریزانانەی کە پێش یارییە نێودەوڵەتییەکان تووشی پێکان بوون و بانهگێشتی هەڵبژاردە دەکرێن و لەکاتی یارییەکان دووبارە تووشی پێکان دەبنەوە لەخۆ ناگرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button