بۆچی ژمارەی پێکانەکانی پرێمەرلیگ بەرزبووەتەوە؟ نیوکاسڵ و مانچێستەر یونایتد وەک قوربانی
نیوکاسڵ 11 یاریزانی پێککراوی هەیە و مەترسی کەوتووەتە سەر وەرزەکەی
یاریگا –
پێکان یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی هەر یانەیەک بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی ئاستی جێگیر.
لە پرێمەرلیگ ژمارەی پێکانی یاریزانان زۆر زیادیکردووە، لە دوا یاری نیوکاسڵ بەرامبەر بێرنلی، رووبەڕووبوونەوەی کیران تریپیێر و هاندەرێکی سەرشێتی نیوکاسڵمان بینی. هاندەرەکە گلەیی لە خراپی ئاستی ماگپایس دەکرد، تریپیێر لە وەڵامدا سێ جار پێی گوت ”دەزانی چەند پێکانمان؟”.
نیوکاسڵ یەکێکە لەو یانانەی زیاترین زیانیان پێگەیشتووە لەڕووی پێکانەوە، تاوەکو ئێستا 11 یاریزانی تووشی پێکان بوون، ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە.
بە گوێرەی داتاکانی بێن دینێری، دامەزرێنەدی پێگەی (پریمیێر ئینجریز – Premier Injuries) تەنیا سێ مانگ دوای دەستپێکردنی پرێمەرلیگ، 196 حاڵەتی پێکان تۆمارکراون، بەراورد بە چوار وەرزی رابردوو 15% زیادیکردووە.
The total number of injuries across the Premier League has hit a new high – but why is this the case?#BBCFootball
— BBC Sport (@BBCSport) November 20, 2023
ئامارەکان
نیوکاسڵ یونایتد لە دوای وەرزی 2002-2003 یەکەمجارە بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات، ئێستا 11 یاریزانی پێککراون و بەدرێژایی ئەم وەرزە 14 یاریزانی تووشی پێکان بوون. ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە و نزیکە لە ژمارەکانی مانچێستەر یونایتد.
زۆری ژمارەی یارییەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، بەڵام ئەوەتا وێستهام لە پرێمەرلیگ و یۆرۆپالیگ یاری دەکات، بەڵام هیچ یاریزانێکی پێککراوی نییە، بەڵکو لەم وەرزەدا تەنیا پێنج یاریزانی تووشی پێکان بوون و ئێستا چاکبوونەتەوە.
پرێمەرلیگ | ژمارەی پێکانەکانی ئەم وەرزە 2023-2024 |
---|---|
ئارسیناڵ | 9 |
ئاستۆن ڤیلا | 10 |
بۆرنمس | 7 |
برێنتفۆرد | 11 |
برایتن | 10 |
بێرنلی | 9 |
چێڵسی | 12 |
کریستال پاڵاس | 13 |
ئێڤەرتن | 7 |
فولهام | 10 |
لیڤەرپوول | 9 |
لوتن تاون | 8 |
مانچێستەر سیتی | 7 |
مانچێستەر یونایتد | 14 |
نیوکاسڵ یونایتد | 14 |
نۆتینگهام فۆرێست | 13 |
شێفیڵد یونایتد | 13 |
تۆتنهام | 9 |
وێستهام | 5 |
وۆڵڤز | 6 |
رێژەی پێکان بۆ هەر یانەیەک | 9.8 |
ئامارەکان لە سەرەتای وەرز تاوەکو 19ی نۆڤێمبەرە |
هامسترینگ دیارترین پێکانە
کێڤن دی برۆین، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا بەشداری لە نیو یاریدا کردووە و بە هۆی پێکان هامسترینگ (سێ ماسوولکەی پشتەوەی ران – ژێکانی رەفیسکە) دوورکەوتووەتەوە.
پێدرۆ نێتۆ، یاریسازی وۆڵڤز لە کۆتایی مانگی رابردوو و لە یاری بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد، تووشی پێکانی هامسترینگ بوو.
پریمیێر ئینجریز – Premier Injuries داتای 20 ساڵی رابردووی کۆکردووەتەوە و پێکانی هامسترینگ 42% پێکانەکانی پێکهێناوە.
بەراورد بە وەرزی رابردوو، رێژەی پێکانی هامسترینگ 96% زیادبووە. لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی رابردوو 26 حاڵەتی پێکانی هامسترینگ تۆمارکرابوون، کەچی لە سێ مانگی ئەم وەرزەدا ژمارەکە بۆ 53 بەرزبووەتەوە.
جۆری پێکانەکانی وەرزی 2023-2024 | ژمارە |
---|---|
هامسترینگ (سێ ماسوولکەی پشتەوەی ران – ژێکانی رەفیسکە) | 53 |
ران | 7 |
ئەژنۆ | 28 |
شان | 6 |
ماسوولکەی پووز / ئەکیلیز | 17 |
پشت | 4 |
قولەپێ (گوێزینگ) / پێ | 21 |
بنی ڕان / جومگەی ران | 16 |
سەر / دەم و چاو | 4 |
دیاری نەکراو | 40 |
کۆی گشتی | 196 |
سەرچاوە: Premierinjuries |
تێچووی پێکانەکان
بەگوێرەی داتاکانی سپۆڕتینگ ئینتلیجێنس کۆی زیانەکانی ئەم وەرزەی پێکانەکان دەگاتە 255 ملیۆن پاوەند، بەراورد بە وەرزی رابردوو 70.8 ملیۆن پاوەند زیادبووە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا 946 پێکان لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا (پرێمەرلیگ، لالیگا، سێریا ئەی، بۆندسلیگا، لیگ وەن) تۆمار کراون، بەڵام بەراورد بە وەرزی رابردوو 25% کەمبووەتەوە.
لە وەرزی رابردوودا مانچێستەر سیتی 40 حاڵەتی پێکانی تۆمار کرد و زیانەکەی بە 11.9 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێندرێت. هەریەکە لە مانچێستەر یونایتد و نۆتینگهام فۆرێست خاوەن زۆرترین ژمارەی پێکان بوون بە 69 حاڵەت. چێڵسی یانەیەکی دیکەی قوربانی دەستی پێکانەکان بوو، چونکە لە وەرزی رابردوودا 68 حاڵەتی پێکانی هەبوو و ئەمەش هۆکاربوو تاوەکو لە پلەی 12-ی ریزبەندی گشتیدا بێت. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان بێت، چێڵسی زیانی نزیکەی 40.1 ملیۆن پاوەند بەرکەوتووە.
لە کۆی گشتی زیانی یانەکانی هەر پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا، لە وەرزی 2022-2023 485,2 ملیۆن پاوەندیان زیان پێگەیشتبوو، بەڵام لەم وەرزەدا زیانەکە بۆ 617.8 ملیۆن پاوەند زیادبووە.