کوردستان

کوردێک مەدالیای برۆنزی ئۆڵەمپیادی بەدەستهێنا

کیانووش رۆستەمی وەرزشوانی کورد لە یارییەکانی ئۆڵەمپیادی لەندەن لە بەشی بەرزکردنەوەی قورسایی توانی مەدالیای بڕۆنز بباتەوە.
ئاژانسی NNSROJ لە هەواڵێکدا بە ئاماژە پێدان بەم رووداوە وەرزشیە رایگەیاندووە میانەی کێبەرکیەکانی ئۆلەمپیک و لە بەشی هەڵگرتنی قورسایی کیانووش رۆستەمی وەرزشوانی کوردی خەڵکی کرماشان لە کێبەرکێ لەگەڵ وەرزشوانەکانی دیکەیی جیهان توانی بە هەڵگرتنی کێشی ٣٨٠ کیلۆ دوای وەرزشوانانی پۆڵۆنیا و رووسیا لە پلەی سێهەمدا جێ بگرێت. ئەم وەرزشوانە کوردە. سەرەتا لە بەرزکردنەوەی کێشی ١٧١ کیلۆ لە پلەی پێنجەمدا هات و لە کێشی ٢٠٨ کیلۆ بە دووجار لە پلەی سێهەم جێی گرت و سەرەنجام لە کۆی گشتیشدا دوای دوو وەرزشوانە پۆڵۆنی و ڕووسییەکە بە ٣٨٠ کیلۆ بوو بە خاوەنی مەدالیای بڕۆنز.
پێشتریش نێدا شەهسەواری وەرزشوانی کورد لە بەشی تۆپی سەر مێز لە ئۆڵەمپیادی لەندەن دوای دۆڕانی بەرامبەر بە ڕکابەرەکانی لە دەوری یاریەکان چووبووە دەرەوە هەروەها لە بەشی بۆکسێن وەرزشوانی کورد عەلی مەزاهێری بە هۆی ستەمی ناوبژیوانی یاریەکەی دۆڕاند و ماڵئاوایی لە ئۆڵەمپیاد کرد. هەر دوای ئەم رووداوە لیژنەی ڕێکخەرانی ئۆڵەمپیاد ئەو ناوبژیوانەی بۆ هۆی ئەو کارەی لە یاریەکانی ئۆڵەمپیاد کردە دەرەوە.
شایانی باسە کە کیانووش رۆستەمی تا ئێستا لە زۆرێک لە پاڵەوانێتییە جیهانیەکاندا بووەتە یەکەم و لە دوایین کێبڕکێکانی جیهان لە بەشی بەرزکردنەوەی قورسایی لە وڵاتی فەڕانسا مەدالیای زێڕی پێ بەخشرابوو.
ئەو مەدالیای کیانووش بۆ ئێرانی بەدەستهێنا تا ئێستا تاکە مەدالیای ئەو وڵاتەیە لە ئۆڵەمپیاد.
لە یارییەکانی ئۆڵەمپیادی لەندەن شەش کورد بەشدارن و هێشتا سێ وەرزشوانیان بەشدارییان لە یارییەکانی خۆیاندا نەکردووە کە هەر شەشیان کوردی ڕۆژهەڵاتن.
لە کوردستانی عێراقدا هیچ کوردێک بەشداری لە ئۆڵەمپیادا نەکرد و بانگهێشتنەکرا، یاریزانە عێراقییەکانیش هاوشێوەی زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە نەیانتوانی هیچ ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو تۆماربکەن و مەدالیا بۆ وڵاتەکانیان ببەنەوە. تا ئێستا تەنیا مصر و قەتەڕ خاوەنی مەدالیان، مصر توانی زیوییەک بباتەوە و قەتەڕیش بڕۆنزییەک پێبڕا.
لە سەر ئاستی جیهانیش لە حەوتەم ڕۆژدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلەی یەکەمی لە چین وەرگرتەوە بە کۆکردنەوەی ٤٤ مەدالیا کە ٢١ مەدالیای ئاڵتونە. چینیش خاوەنی ٤٣ مەدالیایە و ٢٠ مەدالیای ئاڵتونی هەیە.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close