ئیسماعیل بن نەسیر ناوەڕاستکاری یانەی میلان دڵسۆزی خۆی بۆ میلان دووپات دەکاتەوە و دەڵێت ئەو هەرگیز وەکو هاکان چاڵهانۆگلوی هاوڕێی ناکات.
چاڵهانۆگلو یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی میلان بەڵام لە 2021دا بەشێوەیەکی کتوپڕ ئەو یانەیەی بەرەو ئینتەرمیلانی رکابەرییان جێهێشت.
بن نەسیری جەزائیری لە 2019 ـەوە یاریزانی میلانە و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاڵچیۆ مێرکاتۆ وتی
ئاگاداری هیچ نەبووم، ئەو هاوڕێمە و دەمزانی دەیەوێت لە میلان بمێنێتەوە بەڵام دیاربوو رێکنەکەوتبوون لەسەر تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی. رێزم هەیە بۆ بڕیارەکەی بەڵام کاتێک بڵاوبووەوە باوەڕم نەدەکرد، من وەک خۆم هەرگیز ئەو رەفتارە ناکەم چونکە رێزی میلانم لایە. گرنگ نیە ئینتەرم چیم پێشکەش دەکات هەرگیز ئەوە روونادات لە میلانەوە بچمە ئەوێ. مانای ئەوە نیە هەموو کاروانی یاریکردنم لە میلان دەبم بەڵام بەدڵنیاییەوە ناچمە ئینتەر.
ناوبراو وتیشی خۆی بە یەکێک لە یاریزانە سەرکردەکانی یانەکەی دەبینێت
هەست دەکەم وەکو سەرکردەیەکم لە یانەکە. ئەمە مانای ئەوە نیە کە من لەوانی دیکە بەهێزترم بەڵام بەرپرسیارییەتی زیاترم لەسەر شانە و دەبێت نموونەیی بیت کاتێک درێسی میلان دەپۆشی. ژمارە تەلەفۆنی خۆم داوەتە سەرجەم یاریزانەکان و پێم وتوون هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن پەیوەندیم پێوەبکەن ئەگەر کێشەیەک هەبێت. هەمیشە بیر لە تیمەکە دەکەمەوە و دەزانم دەبێت بگەڕێینەوە باشترین ئاستی یانەکە لە ئەورووپا.
بن نەسیر خاوەنی 111 یارییە بە درێسی میلانەوە . هەروەها یاری بۆ تیمی لاوانی فەڕەنسا ئەنجامداوە بەڵام بڕیاریدا لەبری فەڕەنسا، یاری بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی جەزائیر ئەنجام بدات.