جۆن ئۆبی میکێل یاریزانی پێشووی نەیجیری دەڵێت: تکایە مێسی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەراورد مەکەن، چونکە لیۆ لە هەسارەیەکی دیکەوە هاتووە’.
جۆن ئۆبی میکێل، ناوەڕاستکاری پێشووی چێڵسی ئینگلیزی و نەیجیریا لەمیانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی ریۆ فێردیناند لەبارەی بەراوردی نێوان مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت:’کاتێک رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبووینەوە، هەموومان متمانەی تەواومان بە ئاشلی کۆڵ هەبوو دەتوانێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ رابگرێت و رووبەڕووی بێتەوە، بەڵام هەر کاتێک رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبووینەوە، هەفتەیەک راهێنانمان لەسەر ئەوە دەکرد چۆن رووبەڕووی مێسی ببینەوە، ئەم کوڕە لە هەسارەیەکی دیکەوە هاتووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک مێسی بە هیچ یاریزانێکی دیکە بەراورد بکرێت’.
هەروەها میکێل کە لە ساڵانی 2006 تاوەکو 2017 لە بلوز یاریی دەکرد، لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی مێسی دەڵێت:’ لێدان، ئینجا لێدان، دیسان لێدان، تەنیا پشتمان بەوە دەبەست، جۆن تێری هەوڵی وەستاندنی دەدا، لامپاردیش، هەروەها من و ئیسیان هەمان هەوڵماندەدا، بەڵام بەداخەوە هەموو جارێک خۆی لە دەستمان رزگاردەکرد’.
ئۆبی دەشڵێت:’لیۆ ترسێنەرترین و سەختترین یاریزانە رووبەڕووم بوو بێتەوە، ئەستەمە بتوانی بە یاریزانێک رووبەڕووی مێسی ببیتەوە، ئێمە هەمیشە کاتێک بەرامبەر مێسی یاریمان دەکرد، دوو لەسەر سێی یاریزانەکان خەریکی راگرتنی مێسی دەبووین’.
میکێل لە ماوەی یاریکردنی لە ریزەکانی چێڵسی سێ جار رووبەڕووی بارسێلۆنا بووەوە، بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوونی بەرامبەر بلاوگرانا بەدەستهێنا، کە هەر سێ یارییەکە لە چامپیۆنزلیگ بوون.