ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی رامۆس واژۆی لەسەر درێسەکەی ریال مەدرید نەکرد؟

هەڵسوکەوتێکی نامۆی مەزنترین کاپتنی ریال مەدرید

Yariga App

یاریگا –

دوێنێ هەینی، گرتە ڤیدیۆیەکی سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدرید بڵاوکرایەوە، کە تیایدا دەردەکەوێت لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا واژۆ بۆ هاندەران دەکات.

رامۆس لە سەرەتادا واژۆ لەسەر درێسێکی یانەی سێڤییا دەکات، بەڵام کاتێک درێسێکی ریال مەدریدی پێدەدەن رەتیدەکاتەوە واژۆی لەسەر بکات، ئەمە لە کاتێکدایە هەر دوای ئەوە واژۆ لەسەر درێسێکی یانەی پاریس سانجێرمان دەکات.

ئەو کارەی رامۆس بەخێرایی لە سۆشیاڵ میدیادا تەقییەوە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هاندەرانی ریال مەدریدیش نیگەرانی خۆیان لەو هەڵسوکەوتەی یاریزانەکە دەربڕی.

تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەم راپۆرتە تایبەتە، تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکار و ئەگەرانەی وایان لە ئەستێرە ئیسپانییەکە کردووە واژۆ لەسەر درێسی ئەو یانەیە نەکات، کە هەمووشتێکی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.

رێزگرتن لە سێڤییا

رامۆس لە سێڤییا گەورە بووە، لە ئەکادیمیای ئەو یانەیە دەستی بە یاریکردن کردووە، بەڵام لە هاوینی 2004 ئەو یانەیەی جێهێشت، بە بڕی 27 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەڵام لەم هاوینە لەدوای 18 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە سێڤییا.

گەڕانەوەی رامۆس هاندەرانی یانەکەی کرد بە دوو بەش، بەشێکیان دڵخۆشبوون بە گەڕانەوەی، بەشێکیشیان نارازیبوون، چوونکە ناوبراو ساڵانێکی زۆری لە ریال مەدرید لە دژی یانەکەی ئێستای بەسەربردبوو، پێدەچێت نەیویستبێت بە واژۆ کردن لەسەر درێسی ریال مەدرید، هاندەرانی بەرەی ناڕازی زیاتر تووڕە بکات. رێزی لە یانەکەی و هاندەرانی گرتووە.

سێرجیۆ رامۆس لەگەڵ سێڤییا

مەرجی گرێبەست و سپۆنسەرەکان

سپۆنسەرەکان یەکێکی دیکەن لەو هۆکارانەی ئەگەری هەیە رێگریان لەو واژۆیە کردبێت، درێسی یانەی سێڤییا لەلایەن کۆمپانیای کاستۆر بەرهەمدێت، درێسی پاریس لەلایەن کۆمپانیای نایکی و ریال مەدریدیش ئەدیداس سپۆنسەرییەتی، پێدەچێت ئەستێرە ئیسپانییەکە رێگەی پێندەدرێت واژۆ بۆ بەرهەمەکانی ئەدیداس بکات.

مەرجی گرێبەستیش ئەگەرێکی دیەکەیە، یاریزانان و یانەکان کاتێک گرێبەستێک واژۆ دەکەن چەندین مەرجی جیاواز بۆ یەکتر دادەنێن، پێدەچێت مەرجێکی سێڤییا بۆ سێرجیۆ ئەوەبێت، واژۆ لەسەر درێسی هیچ یانەیەکی لالیگا نەکات.

فرۆشتنەوەی درێسەکان

پێدەچێت یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان فرۆشتنەوەی درێسەکان بێت. کاتێک یاریزانێک واژۆ لەسەر درێسێک دەکات، نرخی ئەو درێسە بەرزدەبێتەوە، رەنگە رامۆسیش نەیویستبێت بازرگانی بە واژۆکەیەوە بکرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارێک درووست دەبێت، بۆچی واژۆی لەسەر درێسەکەی پاریس کرد؟ وەڵامەکەش ئەوەیە لە مەدرید هیچ کەسێک درێسی پاریس سانجێرمان ناکڕێت.

مەزنترین چرکە ساتی رامۆس لەگەڵ ریال مەدرید

ناکۆکی لەگەڵ لۆس بلانکۆس

یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان ئەوەیە، بەرگریکارە ئیسپانییەکە لەگەڵ ئیداری یانە کۆنەکەی ناکۆکی هەبێت، رامۆس دوای گەڕانەوەی بۆ سێڤییا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر ریال مەدرید، بەوە تۆمەتباری کردوون، کە ناوبژیوان هاوکاریان دەکات، ئەمەش رەنگە بووبێتە هۆی ناکۆکییان.

لەلایەکی دیکە باس لەوە دەکرێت، یاریزانەکە بەر لە گەڕانەوەی بۆ سێڤییا خۆی پێشکەش بە مێرێنگی کردبێت، بەڵام پێرێز داواکەی رەتکردووەتەوە، ئەمەش رەنگە بووبێتە هۆکاری تووڕەبوونی کاپتنەکەی پێشووی ماتادۆر.

سەرجەم ئەو ئەگەرانەی باسکران تا ئێستا هیچیان بەشێوەی %100 نەسەلمێندراون، کە هۆکاری هەڵسوکەوتە نامۆکەی سێرجیۆ رامۆس بووبن، بەڵام ئەوەی هاندەرانی مێرێنگی لێی دڵنیان ئەوەیە، سەرکردەکەیان خۆشەویستی بۆ یانەکەیان کەمی نەکردووە، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یادی لەدایکبوونی منداڵەکەی، لۆگۆی مێرێنگی لەسەر کێکی لەدایکبوونەکە دانابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button