ئێندریک بە مەرجێکی سەیر پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە
یاریگا –
ئێندریک، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید، بە تیمێکی تایبەت بە خۆی، پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات.
درەوشاوەیی ئێندریک لە تیپی پاڵمیراس وایکرد ریال مەدرید بە زووترین کات دەست بەکار بێت و گرێبەست لەگەڵ ئەم یاریزانە واژۆ بکات. ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە تەمەن 17 ساڵە لە چەند هەفتەی رابردوودا گەڕایەوە بۆ رۆژانی لوتکە و درەوشاوەیییەکەی بەجۆرێک بوو کە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی رازی کرد بانگهێشتی کەمپی تیپەکە بکات بۆ پشووی یارییە نیشتمانییەکانی مانگی نۆڤەمبەر.
بە پێیی راپۆرتیکی دەیلی مەیل، ئێندریکی تەمەن 17 ساڵ تیمێکی تایبەتی هەیە کە بڕیارە یارمەتی بدەن لە پێشکەوتن و گەشەکردن و درەوشاوەیی لە ریال مەدرید، کە بڕیارە هاوینی داهاتوو لەگەڵ ئەو پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکەوە بکەن.
ئەو یاریزانە لاوە لە ئێستاوە گرێبەستی لەگەڵ دەزگای وەرزشی بەناوبانگی رۆک نەیشن واژۆ کردووە کە جەی زی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی خاوەندارێتی دەکات. هەروەها گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی نوێ نەکردۆتەوە، تاوەکوو گرێبەستێکی بەرچاوی لەگەڵ سپۆنسەرە نوێیەکەی نیو باڵانس واژوو بکات.
تیمەکەی ئێندریک لە زیاتر لە 10 کەس پێکهاتووە، لەنێویاندا چێشتلێنەر و پزیشکی فیزیۆتێراپی تایبەت بەخۆی، هەروەها راهینەری تاکتیکی و بەڕێوبەرێکی بازاڕگەری دەبینرێن و کەسانیتریش کە ئامادەبوونیان لە دەوروبەرەکەیدا یاریزانە لاوەکە سەرنجێکی زۆری بەلای میدیاکاندا راکێشاوە.
پێدەچێت ئەم یاریزانە بەنیازی ئەوە بێت بە ئامادەکاری و پیشەگەرییەکی تەواو بچێتە مەدرید و نیشان بدات تەمەنی بچووکی مانای ئەوە نییە کە سیفەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی لەم تیپەدا سەرکەوتوو ببێت.