مانچێستەر سیتی ژمارە پێوانەییەکی نوێی تۆمارکرد
راپۆرتی ساڵانەی یانەی مانچێستەر سیتی
یاریگا –
کەمێک لەمەوبەر یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ وەرزی 2022-2023 بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە سیتیزن ئەمساڵیش قازانجێکی زۆری کردووە و ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە.
داهاتی مانچێستەر سیتی لە 12 مانگی رابردوودا 712.8 ملیۆن پاوەند بووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، داهاتی یانەکە 99.8 ملیۆن پاوەند زیادی کردووە.
هەروەها قازانجی دارایی ئەمساڵی بلوو موون، 80.4 ملیۆن پاوەند بووە، ئەمەش دوو هێندەی داهاتی ساڵی رابردوویانە، کە 41.7 ملیۆن پاوەند بووە.
Manchester City releases 2022-23 Annual Report confirming a consecutive year of record-breaking revenues and profits
— Manchester City (@ManCity) November 15, 2023
هەر بەپێی راپۆرتی یانەکە، لایەنی بازرگانییان و فرۆشتنی درێس و کەلوپەلی وەرزشی تایبەت، پەخشی تەلەفیزیۆنی و بلیتی یارییەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو داهاتێکی زیاتریان هێناوەتە ناو یانەکە، کە ئەمەش ئەنجامی کارکردن و پلانێکی چڕی چەند دەیەیەکی رابردوو بووە.
جێگای سەرنجە لە وەرزی 2022-2023، مانچستەر سیتی وەک بەنرخترین براندی یانەیەکی تۆپی پێ لە جیهان دەستنیشانکرا، کە بەهای یانەکە گەیشتووەتە 1.51 ملیار یۆرۆ.
هاوکات لە رووی خەرجیشەوە، یانە ئینگلیزییەکە زۆرترین مووچە بە کارمەندانی دەدات، کە یانەکە لە ساڵی رابردوو 422.8 ملیۆن پاوەندی وەک مووچە بە 520 یاریزان و کارمەندی دیکەی جیاوازی تیپەکەی داوە.
Champions of Europe, you made us sing that! 🫶#ManCity | #UCLfinal pic.twitter.com/2CevTDN3UT
— Manchester City (@ManCity) June 10, 2023
سەرچاوەکانی داهات
یانەکە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە داهاتی کۆکردووەتەوە، سۆشیاڵ میدیا یەکێکبووە لە سەرچاوە سەرەکییەکان، سۆشیاڵ میدیاکانی یانەکە لەو وەرزە 6.9 ملیار بینەریان هەبووە، کە بەراورد بە وەرزی پێشووتر %107 زیادیکردووە.
جیا لەوە، ژمارەی ئەندامانی فەرمی یانەکە لە شارە جیاوازەکان دوو هێندە زیادی کردووە، رێژەی ئەندامان و لایەنگرانی فەرمی یانەکە بە رێژەی %33 بەرزبووەتەوە.
شانبەشانی سۆشیاڵ میدیا و گەشەی ئەندامانی یانەکە، رێژەی بینەران لە تەلەفیزیۆنەوە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد، کە لە سەرجەم کێبڕکێ جیاوازەکان 786 ملیۆن بینەریان هەبووە، بەراورد بە وەرزی 2021-22، رێژەی بینەران 28% زیادیکردووە.
بەشێوەیەکی گشتی، وەرزی رابردوو لەرووی ئابووری، مانچێستەر سیتی چیرۆکی پڕ داهاتترین وەرزی لە مێژووی یانەکەی نوسییەوە، بێگومان بەدەستهێنانی سیانە نازناوە گرنگەکەی وەرزیش کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم گەشەسەندنە هەبووە.