ئالێکساندەر سۆنگ لە تەمەنی 36 ساڵی وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند
لە هەشت یانەی جیاواز یاریی کرد و کۆتاییەکەی لە خولی جیبۆتی بوو
ئالێکساندەر سۆنگ ناوەڕاستکاری پێشووی بارسێلۆنا و ئارسێناڵ لە تەمەنی 36 ساڵیدا وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
ئالێکساندەر سۆنگ ناوەڕاستکاری کامیرۆنی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن راگەیاندووە و لە پەیامێکیدا نووسیویەتی:’زۆر بەداخەوەم کاتی ئەوە هاتووە بە یەکجاریی لاپچینەکانم لەپێ بکەمەوە و واز لە یاریکردن بهێنم، کاتێک بۆیەکەمجار لە یاوەندی بە پێخاوسی دەستم بە یاریکردن کرد، هێز و ئیرادەیەکی زۆرم پەیدا کرد’.
سۆنگ نووسیویەتیشی:’کاتێک چوومە فەرەنسا و لە یانەی برێست دەستم بە یاریی کرد، وامزانی پەرجووم دروستکردووە، لەکاتێکدا ئەوە دەستپێک بوو، دواتر لە ئارسێناڵ و بارسێلۆنا یاریم کرد کە لە گەورەترین یانەکانی جیهانن، بێگومان شانازیش بە یاریکردنم لە چارڵتۆن ئەتلەتیک و رۆبن کازان و سیۆن و وێستهام یونایتد دەکەم، سوپاسی خێزانەکەم و منداڵەکەم و هاوڕێیەکان و راهێنەرەکانم دەکەم لەو ماوەیە هاوکارییان کردووم، شانازیش دەکەم بە درێسی هەڵبژاردەی کامیرۆن 60 یاریم ئەنجام دا’.
سۆنگ سێ ساڵ بوو لە کۆتایی کاروانی وەرزشی خۆی لە ریزی یانەی ئارتا سۆلاری جیبۆتی یاریی دەکرد، لە ریزی ئەو یانەیە 23 یاری ئەنجام دا و سێ گۆڵی بە درێسی یانەکە تۆمارکرد.
سۆنگ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا درێسی هەشت یانەی جیاوازی پۆشیوە و گرنگترین نازناوی کاروانی وەرزشی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا بوو لەگەڵ بارسێلۆنا.