یاریگا
ماوەیەکە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە یاریگای یانەی لیڤەرپوول دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە و هەر ئەم دواکەوتنەش زیانێکی زۆری لە یانەکەداوە.
رۆژنامەی میرەری بەڕیتانی بڵاویکردەوە، لەگەڵ دواکەوتنی نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە یاریگای ئانفێڵدی تایبەت بە یانەی لیڤەرپوول، مەزەندە دەکرێت بۆ هەر یارییەک نزیکەی 750 هەزار پاوەند واتە 900 هەزار یۆرۆ زیانیان پێ بگات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە بەهۆی ئەوەی کار لەسەر بەشێک لە پەیژەکانی یاریگای ئانفێڵد دەکرێت، هاندەرانی ئەو یانەیە لە یاریگای خۆیان ناتوانن ئەو شوێنانە بەکاربێنن، هەر ئەمەش وایکردووە زیانێکی زۆری دارایی بە یانەکە بگات.
نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشەی یاریگای ئانفێڵد لە مانگی سێبتەمبەری ساڵی 2021 دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا کارەکانی کۆتایی نەهاتووە، هەروەها چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی کاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، ژمارەی کورسیەکان بۆ 61 هەزار زیاد بێت.