ئینگلتەراگرنگترین

سانچۆ لە گروپی واتس ئەپی یانەکەی دەرکرا

گەڕێکی دیکەی قەیرانەکان...

Yariga App

یاریگا –

جەیدن سانچۆ، لە گروپی واتس ئەپی یانەی مانچێستەر یونایتد دەرکرا.

لە سەرەتای ئەم وەرزە گرفت کەوتە نێوان ئێریک تێن هاخی راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد و جەیدن سانچۆی یاریزانی تیپەکە، بەو هۆیە یاریزانەکە لە پێکهاتەی شەیتانە سوورەکان دوورخرایەوە.

رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاوکردووەتەوە، نوێترین هەنگاوی تێن هاخ دژی سانچۆ، دەرکردنی یاریزانەکەیە لە گروپی واتس ئەپی یانەکە، مانچێستەر یونایتد بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان تیپەکەدا سود لەو ئەپە وەردەگرێت، تەواوی یاریزانان و ستافی یانەکە لە گروپەکەدا هەن.

قەیرانەکانی سانچۆو تێن هاخ لە گەڕی چوارەمی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەستیپێکرد، کاتێک راهێنەرە هۆڵەندییەکە یاریزانە ئینگلیزەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورخستەوە.

پاش یارییەکە لە بارەی هۆکاری دوورخرانەوەی سانچۆ پرسیار لە راهێنەرە هۆڵەندییەکە کرا و بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە:

جەیدن سانچۆ ئەم هەفتەیە بەشێوەیەکی باش مەشق و راهێنانی نەکرد، ئاستی لاواز بوو، بۆیە بڕیارمدا دووریبخەمەوە.

 

ئەم لێدوانەی تێن هاخ، هێرشبەرە ئینگلیزەکەی تووڕەکرد، ناوبراو لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەمشێوەیە وەڵامی لێدوانەکانی راهێنەرەکەی دایەوە:

تکایە باوەڕ بە هەموو ئەو شتانە مەکەن کە دەیخوێننەوە! رێگە نادەم خەڵکی شتگەلێک بڵێن کە دوورن لە راستییەوە، من ئەم هەفتەیە بەشێوەیەکی زۆر باش مەشق و راهێنانم کردووە، هۆکاری دیکە هەیە بۆ دوورخرانەوەم بەڵام قسەی لەسەر ناکەم، ماوەیەکی زۆرە من بوومەتە قوربانی، کە ئەمەیش دادپەروەرانە نییە!

تاکە شتێک کە دەمەوێت ئەوەیە بە خەندەوە یاری تۆپی پێ بکەم و دڵخۆشبم، رێز لە هەموو ئەو بڕیارانە دەگرم کە ستافی راهێنەران دەیدەن، لەگەڵ کۆمەڵیک یاریزانی ناوازە یاری دەکەم، سوپازگوزارم بۆ ئەمە، هەموو هەفتەیەک رووبەڕووی ئالنگاری نوێ دەبینەوە، هەر شتێک رووبدات بەردەوام دەبم لە جەنگان لەپێناو لۆگۆی مانچێستەر یونایتد.

هەرچەندە دواتر سانچۆ پۆستەکەی سڕییەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی کۆتایی هاتنی گرفتێ نێوانیان.

تێن هاخ داوای لە یاریزانەکە کردووە داوای لێبوردن بکات، ئەوکات دەتوانێت بگەڕێتەوە پێکهاتەی تیپەکەی، هاوڕێکانی سانچۆش لە یانەکە هەمان داوایان ئاراستەی یاریزانەکە کردووە.

بەڵام تا ئێستا جەیدن ئامادە نەبووە داوای لێبوردن لە راهێنەرەکەی بکات، بۆیە رێگەی پێنادرێت لەگەڵ تیپی یەکەم مەشق و راهێنان بکات، لەو کاتەشەوە بەشداری هیچ یاریەکەی یانەکەی نەکردووە.

سانچۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد

سانچۆ لە هاوینی 2021 بە بڕی 85 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییەوە گواسترایەوە بۆ مانچێستەر یونایتد، بەڵام بە درێسی شەیتانە سوورەکان نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.

بە درێسی یانە ئینگلیزییەکە لە 82 یاریدا تەنیا 12 گۆڵی کردووە و خاوەنی 2 ئەسیستیشە. ئەمە لە کاتێکدایە بە درێسی دۆرتموند لە 137 یاریدا 50 گۆڵی کردووە و 64 گۆڵیشی درووستکردووە.

هاوکات بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی گرفتی نێوان یاریزانەکە و یانەکەی ئێستای بە دەرفەتێکی گونجاو دەزانێت، ئامادەکاری دەکات تا لە مانگی یەک و لە مێرکاتۆی زستانە جارێکی دیکە یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە بۆندسلیگا.

سانچۆ لەگەڵ دۆرتموند

 

بابەتی زیاتر

Back to top button