رۆناڵدۆ بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبار کراوە
یاریگا
دەسەڵاتدارانی باجی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەیان لە کلینیکەکانی چاندنی قژ کە خاوەنەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە دەستپێکردووە.
بەم دواییە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ وەک خاوەنی زۆرترین داهاتی یاریزانانی تۆپی پێی جیهان لە ساڵی 2022 ناسێندرا، بەشێک لەم داهاتەی ئەستێرە پورتوگالییەکە لە دەرەوەی گۆڕەپانی تۆپی پێ و لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە کارە بازرگانییە جیاوازەکانەوە بەدەست دێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، دوابەدوای لێکۆڵینەوەیەکی ئیدارەی باجی ئیسپانیا، کلینیکە پزیشکییەکانی چاندنی قژی ئینسپاریا کە بە وەبەرهێنانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و هاوبەشەکەی جۆرجینا ڕۆدریگێز لە شارە جیاوازەکانی ئیسپانیا کاردەکەن، لەژێر چاودێریدان و پشکنینی یاسایی خراوەتەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کلینیکانە هەندێک جار هەوڵیانداوە خۆیان لە باج بدزنەوە بە دەرکردنی فاکتورەی ساختە.
لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە خۆدزینەوە لە باج لەلایەن کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەردەوامە و ئەگەر تاوانبار بێت ئەوا دەخرێتە بەردەم دادگا.