یاریگا –
لە دێربی بادینان، یانەی دهۆک پێشوازییەکی گەورە لە یانەی زاخۆ دەکات.
سبەی شەممە کاتژمێر 19:00 بە کاتی کوردستان، لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی زاخۆ دەکات.
بەر لەم یارییە، دهۆک لە دوو گەڕی رابردوو شکستی بە یانەکانی شوڕتە و نەورۆز هێناوە، بە کۆکردنەوەی شەش خاڵیش پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
یانەی زاخۆش لە دوو گەڕی سەرەتا تامی بردنەوەی نەکردووە، لە گەڕی یەکەم بە قوە جەوییە دۆڕا، لە گەڕی دووەمیش لەگەڵ نەجەف یەکسانبوو، بە کۆکردنەوەی تاکە خاڵیک پلەی حەڤدەیەمی ریزبەنی خولەکەی گرتووە.
هاوکات بۆ یارییەکەی سبەی یانەی دهۆک 1700 کورسی بۆ هاندەرانی یانەی زاخۆ تەرخان کردووە.
هەر لەبارەی یارییەکە، میلەت جەمال، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:
دەستەی هاندەرانی هەردوو یانە کۆبوونەتەوە و هەموو ئامادەکارییەک بۆ رێگرتن لە دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی کراوە.
مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە:
دهۆک و زاخۆ لە ساڵی 2002 تا ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 21 جار رووبەڕووبوونەوتەوە.
دهۆک 6 یاری بردووەتەوە، زاخۆ 2 یاری بردووەتەوە و لە 13 یاریدا یەکسانبوون. دهۆکییەکان 21 گۆڵیان کردووە، زاخۆییەکانیش 14 جار تۆڕی گۆڵی دهۆکیان هەژاندووە.
پێنج یاری نێوان هەردوو یانە بەبێ گۆڵ کۆتایی هاتووە.