ئەرشیڤ

لیۆنێل مێسی دڵخوازترین گۆڵی خۆی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی براوەی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر، دەڵێت، ئەو گۆڵەی لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید تۆماریکرد، دڵخوازترین گۆڵیەتی لە مێژووی یاری کردنیدا.

مێسی شەوی دووشەممە لە مەراسیمێکدا کە لە پاریس بەڕێوەچوو توانی بۆ هەشتەمین جار خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنێت. هەرچەندە رەخنەی زۆر لە هەڵبژاردنی ئەم یاریزانە وەک براوەی باڵۆن دۆر گیر، بەڵام زۆر کەس بە شایستەی ئەم خەڵاتەیان زانی بەهۆی سەرکەوتنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2022ی قەتەر.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینییە چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە کە تیایدا چەند بابەتی سەرنجڕاکێشی وروژاندووە و سەرنجی زۆرێک لە هەوادارانی و هەروەها بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە لای خۆیدا راکێشاوە.

بەڵام ئەمجارەیان لە گفتوگۆیەکدا لە مەراسیمەکەدا باسی لە بابەتێک کرد کە زۆرێک لە هەوادارنی لەم هەموو ساڵە چاوەڕێی بیستنی بوون و لە نێو ئەو سەدان گۆڵەی کە تۆماری کردووە دڵخوازترین گۆڵی خۆی هەڵبژارد.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەم بابەتە، مێسی گوتی:

دڵخوازترین گۆڵی من؟ ئەو گۆڵەی هەمیشە لەبیرم دەمێنێتەوە و بەڕاستی خۆشم دەوێت و بۆ من مانای زۆری هەبوو، ئەو گۆڵەیە کە بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارم کرد کاتێک لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لێمان بردنەوە.

ئەم دوو یانەیە لە قۆناغی پێش کۆتایی وەرزی 2010-2011ی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتربوونەوە، لە کۆتاییدا ئەوە بارسێلۆنا بوو کە توانی بە ئەنجامی 1-3 سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بگاتە یاری کۆتایی. لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی 1-3 لە مانچستەر یونایتدیان بردەوە و جامی پاڵەوانێتیەکەیان بەرزکردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button