کاردانەوەی کۆمێدی یۆرگن کلۆپ بەرامبەر شکستی مانچێستەر یونایتد
یاریگا –
یۆرگن کلۆپ، راهینەری یانەی لیڤەرپول دوای بینینی ئەنجامی یارییەکەی مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ تووشی شۆک بوو و کاردانەوەیەکی کۆمێدی و سەرنجڕاکێشی هەبوو کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوویەوە.
شەوی رابردوو یانەی مانچیستەر یونایتد لە قۆناغی 16 جامی کاراباو بەرامبەر نیوکاسڵ یاریی کرد و بە سێ گۆڵی بێ وەڵام شکستی خوارد و لە رکابەرییەکە دوورخرایەوە.
ئەوە نمایشێکی خراپی دیکەی یاریزانانی ئێریک تێنهاخ بوو، کە ئێستا لە دوو یاری لەسەریەک بەرامبەر مانچێستەر سیتی و نیوکاسڵ شەش گۆڵیان لێکراوە و جارێکی دیکە رەخنەکانیان ئاراستە کراوە.
هەرچەندە دۆڕاندنەکەی ئارسێناڵ وایکرد سەرنج لەسەر دۆڕانی ئەم تیپە نەبێت لەم پاڵەوانەتییەدا، بەڵام لیڤەرپوول و چێڵسی توانیان بە زاڵبوون بەسەر رکابەرەکانیاندا سەربکەون بۆ قۆناغی داهاتوو و بە پاڵێوراوانی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئەم جامە دادەنرێن.
لەدوای سەرکەوتنی لیڤەرپول بەرامبەر بۆرنمۆس، کلۆپ بەشداری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسەکانی دەدایەوە، لە پڕێکدا سەرنجی شاشەکەیدا کە ئەم یارییەی پەخش دەکرد و ئەنجامی یارییەکەی نێوان مانچستەر یونایتد و نیوکاسڵی بینی، کاردانەوەکەی کاتێک ئەنجامەکەی بینی سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا کە دەموچاوی گرژ بوو و ددانەکانی جیر کردەوە و تەنها گوتی: ئۆۆۆی. کە بووە هۆی پێکەنینی ئامادەبووان.
🚨👀| Jurgen Klopp’s reaction after he found out Manchester United held three at Old Trafford against Newcastle United.
— CentreGoals. (@centregoals) November 1, 2023
یونایتد ئەم وەرزە لە هەموو کاتێک زیاتر تووشی قەیرانێکی جددی بووە و ئەنجامەکانی بووەتە هۆی تووڕە بوونی هاندەرەکانیان و تەنانەت دەنگۆی ئەمەش دەبیسرێت کە ببێتە هۆی دوور خستنەوە تێنهاخ.