یاریگا –
جیرۆمی رۆتێن، ئەستێرەی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەڕەنسا، پێی وایە کە مێسی شایەنی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر نەبووە.
لیونێل مێسی تەمەن 36 ساڵ بۆ جاری هەشتەم توانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە و بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە هەشتجار ئەم خەلاتە بەدەست بهێنێت.
سەرەڕای ئەوەی مێسی لە 41 یاریدا 41 گۆڵی تۆمارکردبوو لەسەر ئاستی یانەکان، هەروەها دواجار مۆندیالی لەگەڵ ئەرجەنتین لە قەتەر بەدەست هێنا، بەڵام رۆتێن یاریزانی پێشووی پاریس سانجێرمان لێژنەی خەڵاتی باڵۆن دۆری خستووەتە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوەی هەست دەکات کە ئێرلینگ هالاند یاریزانی مانچێستەر سیتی کە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و چامپیونزلیگ و جامی یەکێتی ئینگەڵتەرا بووە هەروەها گۆلکاری پرێمەرلیگ بووە شایەنی ئەو خەڵاتەیە.
رۆتین لەمبارەیەوە بە RMC دەڵێت:
شەرمەزارییە! بێگومان ئەوە شەرمەزارییە،ئەوەندەی من بزانم، دەبوو هالاند ئەم خەڵاتەی بردباوە. لە مانگی ئابی 2022 تا مانگی حوزەیرانی 2023 چ پێوەرێک وامان لێدەکات بڵێین لیۆ مێسی لە سەرووی ئەوانی ترەوەیە؟ هیچ پێوەرێک نییە، ئەگەر سەیری دەسکەوتەکان بکەین، ئەوا لە هالاند کەمترە، هەرچەندە مۆندیاڵی بەدەستهێناوە. هالاند لەگەڵ مان سیتی هەموو شتێکی بردەوە. بێگومان ناتوانیت بەراوردی بکەیت لەگەڵ مۆندیال، چونکە هالاند نەرویجییە.
رۆتین لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
مێسی تەنانەت لە پاریس سانجێرمان، باشترین یاریزانی یانەکە نەبوو. کێشەیە لێرەیە چۆن کەسێک خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێناوە، کە بڕیارە باشترین یاریزانی جیهان بێت، لە کاتێکدا باشترین یاریزانی یانەکەی نەبووە.
لە کۆتاییدا پەیامێکی بۆ رۆژنامەنووسان هەیە و دەڵێت:
هاوڕێیانی رۆژنامەنووسم [دەنگدەران]، خەیاڵی مەبن، لە سێ چوار ساڵی رابردوودا، مێسی باشترین یاریزانی جیهان نەبووە و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دوو خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە. بەلای منەوە شەرمەزارییە.
ئەنجامەکانی مێسی بۆ پاریس سانجێرمان لە وەرزی 2022-2023 بەدڵنیاییەوە سەرنجڕاکێش بوو، هالاند لە یەکەم وەرزیدا لە پرێمەرلیگ بە کۆمەڵێک دەستکەوت بردەوە، دواتر لەگەڵ سیتی سێیانەی بەدەست هێنا و بەدرێژایی وەرزەکە 52 گۆڵی تۆمارکرد. یاریزانە نەرویجییەکە دواجار ناچار بوو بە خەڵاتی گێرد مۆلەری فیفا ڕازی بێت دوای ئەوەی لە باڵۆن دۆر بێبەش بوو، شتێک کە رۆتێن هەست دەکات ستەم لە هالاند کراوە و دەڵێت خەڵاتەکە هیچ “متمانە”یەکی نەماوە.