یاریگا –
بانکی وەبەرهێنانی سعودی، وەک سپۆنسەری نوێ لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گەیشتە رێککەوتن.
بەم دواییە یانەی ریال مەدرید لەگەڵ رێکخراوی گەشتوگوزاری دوبەی گەیشتە رێککەوتن و ئێستا بانکی سعودی بووەتە نوێترین پاڵپشتی یانەی ریال مەدرید و لە بەیاننامەیەکی فەرمی ئەم رێککەوتنەیان ئاشکرا کرد.
لە ئێستادا وردەکاریی ئەم رێککەوتنە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئەم بانکە سعودییە بڕیار نییە ببێتە سپۆنسەری درێسی ئەسڵی یان جلوبەرگی تری یانەی ریال مەدرید، بەڵکو تەنها یەکێک دەبێت لە سپۆنسەرە ئاساییەکانی یانەی ریال مەدرید ، چونکە ئەو بڕە پارەیەی ریال مەدرید وەریدەگرێت بڕێکی بەرچاو نییە.
لە راگەیەندراوەکەی بانکی وەبەرهێنانی سعودیەدا هاتووە:
دەمانەوێت رێککەوتنە نوێیەکەمان بۆ هاوکاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رابگەیەنین، مەبەست لەم هاوکارییە پێشکەشکردنی ئەزموونی نوێیە بە کڕیارانی بانکەکە.
ئەم بانکە رایگەیاندووە کە بیر لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە هاندەرانی فەرمی یانەی ریال مەدرید لە سعودیە دەکاتەوە. لە ئێستادا روون نییە مەبەست لە “ئەزمونە نوێیەکان” چییە و بە سروشتیش دەبێت چاوەڕێی لایەنەکان بین تا وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم رێککەوتنە رابگەیەنن. لە هەر حاڵەتێکدا پێدەچێت سعودییەکان بەردەوام بن لە سەرمایەگوزاریکردن لە تۆپی پێی جیهانیدا.