سعودیەکان واز لە محەمەد سەڵاح ناهێنن
یاریگا
محەمەد سەڵاح، هیرشبەری مسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا یەکێک لە ئامانجەکانی یانەی ئیتیحادی سعودی لە هاوینی رابردوو بوو، بەڵام یانەکەی ئامادە نەبوو دەستبەرداری بێت.
یانە سعودیەکە نایەوێت بە ئاسانی واز لە گۆڵکارەکەی رێدز بێنێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو یانەیە مێرکاتۆی داهاتوو، جارێکی دیکە چانسی خۆیان بۆ گواستنەوەی یاریزانە مسڕیەکە تاقی بکەنەوە.
رۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانە سعودیەکە لە پلانەکانیاندا هەیە، سەرەتای ساڵی داهاتوو کاتی کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، جارێکی دیکە لەگەڵ یانە ئینگلیزیەکە دەست بە گفتوگۆکردن بکەن، لە پێناو رازی کردنیان بۆ دەستبەردار بوون لە سەڵاح.
بەرپرسانی ئیتیحاد لەسەر بەڵێنەکەی خۆیان ماون و ئامادەن بۆ گواستنەوەی گۆڵکارەکەی لیڤەرپوول، 150 ملیۆن پاوەندی پێشکەشی ئەو یانەیە بکەن لەگەڵ مووچەیەکی خەیاڵی.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە بەرپرسانی لیڤەرپوول بێ هیوابوینە لە مانەوەی سەڵاح، بۆیە لە ئێستاوە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر ئۆسیمین هێرشبەری ناپۆلی دەدەن، وەکو شوێنگرەوەی گۆڵکارە مسڕییەکەیان.