لیۆنێل مێسی رووبەڕووی یانەی منداڵی خۆی دەبێتەوە
یاریگا –
بڕیارە ساڵی داهاتوو لیۆنێل مێسی لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی تیپی نیوێڵز ئۆڵد بۆیز ببێتەوە.
مێسی دوای جێهێشتنی نیوێڵز لە یانەکانی وەک بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان و ئینتەر مەیامی یاری کردووە. مێسی لەم یانەیە لە شاری رۆزاریۆ لە وڵاتی ئەرجەنتین دەستی بە یاری تۆپی پێ کرد. لە تەمەنی نێوان شەش بۆ دوانزە ساڵیدا و لە 176 یاریدا 234 گۆڵی بۆ ئەم یانەیە تۆمارکردووە.
یاریزانە تەمەن 36 ساڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێش ماڵئاوایی لە تۆپی پێیدا زۆر حەزی لە یاریکردنی یانەی نیوێڵز بکاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئێستا هەلێکی دیکەی هەبێت بۆ ئەوەی رێز لە یانەکەی پێشووی بگرێت.
رۆژنامەنووسی ئەرجەنتینی گاستۆن ئەدۆل لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە ئینتەر مەیامی و نیوێڵز گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یاری دۆستانە. بڕیارە ئەم یارییە لە 16ی مانگی دوو ساڵی داهاتوو لە یاریگای یانەی ئینتەر مەیامی ئەنجام بدرێت.
مێسی هەرگیز یاری بۆ تیپی پیشەگەرانی نیوێڵز نەکردووە، بەڵام لە تشرینی دووەمی 2020 درێسی تیپەکەی لەبەرکردبوو دوای ئەوەی گۆڵی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد بۆ ئەوەی رێز لە دیێگۆ مارادۆنا بگرێت. هەروەها لیۆ لە رۆژی لەدایکبوونیدا لە یاریگای مارسێلۆ بیلسا لەلایەن یانەی نیوێڵزەوە رێزی لێگیرا.
یاری دۆستانەی نێوان ئینتەر مویامی و نیوێڵز بۆ تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانە ئەمریکییەکە زۆر تایبەتە، چونکە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ یانەی نیوێڵزیش هەیە. تاتا وەک یاریزان زیاتر لە 400 یاری لەم یانەیە ئەنجامداوە و ماوەی یەک وەرز راهێنەری ئەم تیپەش بووە.