جۆردان هێندەرسن: هاندەران ئارەزووی خۆیانە رازی نین لە سعوودیە یاری بکەم
جۆردان هێندەرسن کاپتنی پێشووی ئینگلتەرا و لیڤەرپوول وەڵامی هاهوو و هوتاف کێشانی هاندەرانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەداتەوە.
هێندەرسن لەژێر فشارێکی توندی هاندەرانی وڵاتەکەیدا، لەوکاتەوەی رووی کردووەتەوە خولی سعوودی. ناوبراو بەوە ناسرابوو کە هەمیشە بەرگری لە مافی هاورەگەزخوازان دەکرد کەچی بۆ پارە روویکردووەتەوە سعوودیە.
دوای هوتاف کێشانەکانی هاندەران لە یاری ئینگلتەرا و ئەمریکا، ئەمڕۆ هێندەرسۆن وەڵامی ئەو دۆخەی دایەوە و بەگوێرەی 90خولەک وتوویەتی
ئەگەر خەڵک دەیانەوێت هاهووم لێبکەم لەبەر ئەوەی لە وڵاتێکی دیکە یاری دەکەم ئەوا ئارەزووی خۆیانە. هەمووکەسێک بۆچوونێکی جیاوازی هەیە لەسەر سعوودیە. پێشتر روونم کردووەتەوە بۆ لە سعوودیە یاری دەکەم ئیتر باوەڕدەکەن یاخود نا لەسەر خۆیانە. بەڵام کاتێک لێرەم (لەگەڵ ئینگلتەرا)، ئەوپەڕی هەوڵی خۆم دەدەم و دەشمەوێت بەردەوام بم لە هاوکاریکردنی وڵاتەکەم.
سبەینێ ئینگلتەرا لە یارییەکی ئاگریندا لە میانەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆ، رووبەرووی ئیتاڵیا دەبێتەوە و تا ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەکی ئەم گروپە گەیشتنی بە کۆتاییەکان مسۆگەر نەکردووە.